ئێران سه‌رچاوه‌ى دزه‌كردنى زانيارييه‌ نهێنييه‌كانى ئاشكرا ده‌كات

گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ناووکیی ئێران رایگەیاند، پێدەچێت زانیارییە نهێنییەکانی پرۆگرامی درێژخایەنی وزەی ناووکیی ئێران لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ناووکییەوە دزەیان کردبێتە دەرەوە.

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ناووکیی ئێران رایگەیاند، پێدەچێت زانیارییە نهێنییەکانی پرۆگرامی درێژخایەنی وزەی ناووکیی ئێران لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ناووکییەوە دزەیان کردبێتە دەرەوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس لە زارى به‌هرۆز کەمال وەندییەوە بڵاويكرده‌وه‌، بڕیارە نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ناووکی، یادداشتی ناڕازیبوونی  کۆماری ئیسلامی لەوبارەیەوە بە رێکخراوەکە بگەیەنێت.

کەمال وەندی گوتی: بەشێک لەو بەڵگەنامانەی ئێران کە پێوەندییان بە پرۆگرامی درێژخایەنی ناووکییەوە هەیە، بڕیار بوو لای رێکخراوی نێودوڵەتیی وزەی ناوکی بپارێزرێن.

هه‌روه‌ها گوتى: بە بۆچوونی ئێمە ئەو زانیارییانەی لەسەر پرۆگرامی ناووکی بڵاو کراونەتەوە، لەو رێکخراوەیەوە دزەیان کردووەتە دەرەوە.

پێشتر، ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشێيتدپرێس زانیاریی نهێنیی لەبارەی پرۆگرامی درێژخایەنی وەزەی ناووکیی ئێران بڵاو کردبوويه‌وه‌.