عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت: لە ئایندەیەكی نزیكدا بڕیارەكان سه‌باره‌ت به‌ دەستبەكاربوونی لیوای 20 جێبەجێ دەكرێن

K24 - هەولێر:

عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، بە كوردستان24ی راگەیاند، كارەكانی پێكھێنانی لیوای 20ی ھاوبەش تەواو بوونە و لە ئایندەیەكی نزیكدا بڕیارەكان سه‌باره‌ت به‌ دەستبەكاربوونی لیواكە جێبەجێ دەكرێن.

سەبارەت بە ئاسایكردنەوەی دۆخی شنگال عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "تا ھێزی چەكدار لە شنگال بمێنێته‌وه‌، رێككەوتنی شنگال جێ بەجێ ناكرێت، بۆیە یەكێك لە بڕیارەكان ئەوەیە دەبێت ھێزە چەكدارەكان شنگال چۆڵ بكەن".

پێشتریش سابت محەممەد عەباسی وەزیری بەرگری عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاندبوو، پێکهێنانی لیوای 20ـی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە یاسای بودجەی گشتی عێراق جێگیرکراوە و دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە رۆژنامەی وەقائع، بە هەماهەنگی و کارکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لیواكه‌ پێکدەهێنن.

وەزیری بەرگری عێراق  هه‌روه‌ها گوتبوی: "لیوای 20، لیوایەکی تەواو هاوبەشە و یەکێکە لە پێشنیازەکانی نێو بودجەی گشتی عێراق و سوپاس بۆ خوا پێکهێنانی پەسەندکراوە".

لەچوارچێوەی فراوانکردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچە کێشەلەسەرەکان، بڕیاربوو لیوایەکی پێشمەرگە بخرێتەسەر میلاكی وەزارەتی بەرگری فیدڕاڵ، له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زیری به‌رگری عێراق رایگه‌یاندووه‌، كه‌ پێکهێنانی لیوای 20ـی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە یاسای بودجەی گشتی عێراق جێگیرکراوە.