رۆژنامەی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ یه‌كده‌خرێت

K24 - هەولێر:

لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و هەریەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی فیدراڵ، بڕیار درا به‌ یه‌كخستنی یه‌ك رۆژنامه‌ی كشتوكاڵی حێگیر له ‌سه‌رانسه‌ری عێراق به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردنی جووتیاران.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 16ـی ئابی 2023) شاندێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ لیژنەی باڵای یەکخستنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی و ژماره‌یه‌ك لایه‌نی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار سه‌ردانی وه‌زاره‌ته‌كانی سەرچاوەکانی ئاو و وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵییان كرد و له‌لایه‌ن وه‌زیرانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌وه‌ پێشوازیان لێ كرا.

دواتر دوابەدوای گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیازەکان و کێشەکانی جووتیاران بەتایبەتی بۆ لەمەودوا ژماره‌یه‌ك بڕیار درا، له‌وانه‌: یەکخستنی یەک رۆژنامەی کشتوکاڵی جێگیر لە سەرانسەری عێراق بۆ پاڵپشتی جووتیاران، بەتایبەتی ڕێکخستنی خشتەی بەرهەمی سەوزەی کێڵگەکانی جووتیاران لە قۆناغی یەکەمدا، بەپێی وەرزەکانی بەرهەمهێنان و سوود وەرگرتن لە بازاڕەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

هەروەها بڕیاردرا لە هەنگاوەکانی داهاتووشدا هەماهەنگی تەواو بکرێ بۆ یەکخستنی بابەتەکانی رۆژنامەی کشتوکاڵی بۆ ئەوەی کە خشتەی بەرهەمەکانی میوە و سامانی ئاژەڵی  لەخۆبگرێت.

لەلایەن شاندی حکومەتی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی کرا، کە لیژنەیەک دروست بکات هاوشێوەی لیژنەکەی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دانوستان و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی تەواوکاری بەشەکانی دیكه‌ی یەکخستنی رۆژنامەی کشتوکاڵی بەتایبەتی میوە و بەرهەمی سامانی ئاژەڵ و پڕۆژەکانی پەلەوەر و هێلکەی خواردن، هەروەها ئامادەکاری بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەمەکان و چۆنیەتی پاڕێزگاری کردنیان و دانانی ڕەسم و ڕێژەی باج لەسەر ئەو بنەمایە.

هه‌روه‌ها له‌ کۆبونەوەكەدا جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرکردنی گرفتی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە ساڵی ئایندە هەماهەنگی بکرێت بە ئەنجامدانی ڕوپێوییه‌کی سەرتاسەری و دیاریکردنی جووتیاری ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان.

هاوكات گفتوگۆ کرا لەسەر دۆخی بەرێوەبردنی ئاو و بەنداوه ستراتیژییەکان و روبەرووبونەوەی گۆرانکارییەکانی کەش و هەوا و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و ئەو بڕیارە گرنگانەی کە حکومەتی عێراقی داویەتی بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، لە چوارچێوەی دابینکردنی بودجەی ئاسایشی ئاو و جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی بەنداوەکانی دەڵگە، تەقتەق، باکرمان و مەنداوە لە هەرێمی کوردستان

333