کۆمپانیای DNO بەشێکی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

ئاڵای كۆمپیانیای و ئاڵای كوردستان
ئاڵای كۆمپیانیای و ئاڵای كوردستان

K24 - هەولێر:

کۆمپانیای DNOـی نەرویجی ئاشکرایکرد، بەشێوەیەکی سنووردار بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی تاوکێیە دەستپێکردووەتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ئەمڕۆی DNO، ئەو بڕە نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت و بە نرخێکی کەمتر بەراورد بە رابردوو لە بازاڕەکانی ناوخۆ مامەڵەی پێوە دەکرێت.

DNOـی نەرویجی رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێیە بەشێوەیەکی سنووردار لە مانگی رابردوو دەستیپێکردووەتەوە و بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕی دەرەوە، بە کۆمپانیاکانی ناوخۆ دەفرۆشرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، کە کێڵگەی تاوکێیە رۆژانە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بەشێکی لەرێگەی تەنکەرەوە بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەفرۆشرێت.

بیژەن رەحمانی، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریەوە بە ناڕوونی ماوەتەوە، بۆیە چاویان لەوەیە بە رێگەی تانکەر نەوتەکە بگوازنەوە.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ کۆمپانیایەکی نەرویجییە و دوای چوار مانگ لە راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ دەستی بە بەرهەمهێنان کردەوە، ئێستاش رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.

له‌ 25ی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه‌ و بەهۆی ئەمەوە بەشێك لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە و داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن.