پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق: حکومەتی عێراق 46 ترلیۆن دینار قەرزدارمانە

"لە کۆی 46 ترلیۆن دینار 30 ترلیۆنی لە سەردەمی کازمیدا بە قەرز وەرگیراوە"
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی

K24 - هەولێر:

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق بە بڕی 46 ترلیۆن دینار قەرزداری بانکەکەیانە کە 30 ترلیۆن دیناری لە سەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمیدا بە قەرز وەرگیراوە.

لەبارەی دەرچوونی دۆلار بۆ وڵاتانی دیکە پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژە بەوە دەدات کە لە کاتی وردبینی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا لە هاوردەکانی عێراق دووچاری سەرسووڕمان بوونە لەوەی عێراق بەو قەبارە گەورەیە ئیندۆمی هاوردە دەکات و، پرسیویانە ئایا بە ڕاست عێراقییەکان بەو ڕادەیە ئیندۆمی دەخۆن؟

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، داهاتوو بۆ زێڕە و عێراق خاوەنی 132 تۆن زێڕە، هەروەها یەدەگەکەی زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە بەڵام ناتوانێت با ئازادی بەکاری بهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، لە هەمانکاتدا بەهۆی گەورەیی قەبارەی کورتهێنان لە بودجە نەیانتوانیوە سندووقی سەروەری دروست بکەن.

بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لەوەکرد، لەڕێگەی کۆمپانیا بە ئەزموونەکان، لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان دۆلار بە گەشتیاران دەدرێت. هەروەها تێچووی هەر کاغەزێکی دیناری عێراقی 5 بۆ 6 سەنتە.

ئەو دەنگۆیانەشی لە بارەی کارکردنی 14 بانکی بیانی لە عێراق ڕەت کردەوە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی گوتیشی: کاری لە پێشینەیان رێگرییە لەو مامەڵەکارانەی یاری بە نرخەکان دەکەن، بەڵام سووکایەتی و بێڕێزی کردن لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان بە بازرگانان قبوڵ ناکەن.