ئاراس ئەمین: لێدوانه‌كانی بەرپرسانی عێراق وایكردووه‌ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکارییەكان ببڕن

K24 – هه‌ولێر:

به‌رپرسێكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌وڵه‌مه‌ندی عێراق وایكردووه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌و وڵاته‌ به‌ هه‌ژاری نه‌بینن و هاوكارییه‌كان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ببڕن.

ئاراس ئەمین سەرپەرشتیاری کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بەکوردستان24ـی راگەیاند، لێدوانەکانی بەرپرسانی عێراق بەوەی خاوەنی زیاتر لە سەد تۆن زێڕ و 100 ملیار دۆلاری یەدەگن وایکردووە، نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، عێراق وەک وڵاتێکی هەژار نەبینن و هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان کەم بکەنەوە یاخود بەتەواوی  بیبڕن.

راشیگەیاند، تا یەک کەمپ لەسنووری دهۆک مابێت، دەزگای خێرخوازی بارزانی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی ئاوارەکان.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، زیاتر له‌ 925 هه‌زار په‌نابه‌ر و ئاواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان ده‌ژین.

له‌ هه‌رێمی كوردستان 35 كه‌مپ بۆ له‌خۆگرتنی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی عێراق و وڵاتانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، به‌جۆرێك 25 كه‌مپ تایبه‌تن به‌ ئاواره‌كان كه‌ 92 هه‌زار و 112 كه‌سی له‌خۆگرتووه‌، هه‌روه‌ها 10 كه‌مپیش تایبه‌تن به‌ په‌نابه‌ران كه‌ 175 هه‌زار و 12 كه‌سی له‌خۆگرتووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كانیش، 146 هه‌زار و 71 كه‌سی په‌نابه‌ر و 490 هه‌زار و 90 كه‌سی ئاواره‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، كه‌خۆیان دابینكردنی شوێنی حه‌وانه‌ و گوزه‌رانی ژیانی خۆیان له‌ ئه‌ستۆگرتووه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانیش ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، 40%ـیان له‌ پێكهاته‌ی عەرەبی سوننەن، 30% له‌ پێكهاته‌ی كوردی ئێزدیین، 13% به‌ گشتی كوردن، 7% له‌ پێكهاته‌ی كریستیانن و 10%ـه‌ش له‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ن.

له‌باره‌ی ئاماری ئه‌و پەنابەرانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، نزیكه‌ی 241 ھەزار و 937 پەنابەر هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی سوورین، 8 ھەزار و 479 پەنابه‌ر هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی توركیان، 10 ھەزار و 548 پەنابەر هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئێرانین،736 پەنابەریش هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی فەڵەستینین و 81 پەنابەری دیكەش هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی وڵاتانی دیكه‌ن.