محەممەد بن سەلمان و وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانێکدا بۆ سعوودیە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پەیامی سەرۆککۆماری ئێرانی گەیاندە پادشای سعوودیە.

رۆژی هەینی (18ـی ئابی 2023) لە شاری جەددە، محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە لەگەڵ حوسێن عه‌بدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووە و تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ریاز و تارانیان کرد.

ئاژانسی هەواڵەکانی سعوودیە بڵاویکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانی گەیاندووەتە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعوودیە و لە بەرامبەریشدا، محەممەد بن سەلمان، سوپاس و پێزانینی پادشای سعوودیەی گەیاندووەتە سەرۆککۆماری ئێران.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دەرفەتەکانی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران کردووە و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان کردووە.

رۆژی (پێنجشه‌ممه‌ 17ـی ئابی 2023)، حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانیدا دوای ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان، گه‌یشته‌ سعوودیه‌ و له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌وه‌ و دواتر كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.

په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ له‌ ساڵی 2016ـه‌وه‌ تێكچوو، دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌رانی ئێرانی هێرشیانكرده‌سه‌ر نووسینگه‌ دیپلۆماسییه‌كانی سعوودیه‌ له‌ تاران، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ریاز 47 ئێرانی به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ تیرۆر له‌سێداره‌دا، له‌نێویاندا (نه‌مر باقر ئه‌لنه‌مر)، كه‌ به‌هۆی گوتاره‌كانی ماڵباتی ئال سعوودی نیگه‌ران كردبوو.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سعوودیە دوای سەردانەکەی شازادە فەیسەڵ بن فەرحان بۆ تاران دێت لە ماوەی رابردوو، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2006ـەوە وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەردانی تاران بکات و گفتوگۆکانیان لەبارەی ئاسایش، ئابووری، گەشتیاری و گواستنەوە کردووە.