سه‌در سه‌رجه‌م چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌رایا سه‌لام قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر | وێنە: AP
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر | وێنە: AP

K24 - هەولێر

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بریاریدا نمایش و چالاكییە سه‌ربازییەکانی سه‌رایا سه‌لامی باڵی سه‌ربازی ره‌وته‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ بكات.

ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئابی 2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نامەیەکەدا کە بۆ ته‌حسین حه‌میداوی، بەرپرسی سەرایا سەلام، باڵی سەربازی رەوتەکەی ناردووە، سەرجەم چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئەو گرووپە چەکداریەی قەدەغەکردووە. سەدر هۆکاری بڕیارەکەی "بۆ پاراستنی شکۆ"ـی سەرایا سەلام گەڕاندووەتەوە.

له‌ نامه‌كه‌ی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دردا هاتووه‌: "پێویسته‌ یاسای سزادان بۆ هه‌ر كه‌سێك ده‌ربچێت كه‌ سه‌رپێچی ئه‌و یاسا و بڕیاره‌ ده‌كات" بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، داوا له‌ ته‌حسین حه‌میداوی، به‌رپرسی سه‌رایا سه‌لام ده‌كات "به‌زووترین كات" بڕیاره‌كه‌ ئاراسته‌ی گشت هێزه‌كانیان بكرێت و رێكاری پێویست بگیرێته‌به‌ر.

سەرایا سەلام كه‌ سه‌ربه‌ موقتەدا سەدرە، یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 لە کاتی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دامەزراوە و چەکدارەکانی لە 15 پارێزگای عێراق بڵاویان پێکراوە.

 

نامەکەی سەدر کە بۆ فەرماندە سەربازییەکانی سەرایا سەلام ناردوویەتی
نامەکەی سەدر کە بۆ فەرماندە سەربازییەکانی سەرایا سەلام ناردوویەتی