مەسرور بارزانی هاوخەمی خۆی بۆ حکومەت و خەڵکی فەرەنسا دەردەبڕێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆی بۆ حکومەت و خەڵکی فەرەنسا، بۆ گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی سەربازییان لە عێراق دەردەبڕێت و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ سەربازە بریندارەکەی دیکە دەخوازێت.

درەنگانی شەوی رابردوو، 18ـی ئابی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: "سەربازێکی فەرەنسی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عێراق گیانی لەدەستدا، کاتێک خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکێکی مەشق و راهێنان بووە بە هێزە چەکدراەکانی عێراق". هاوکات وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، سەربازێکی دیکەش لەو رووداوە هاتووچۆیەدا برینداربووە و لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئابی 2023؛ لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "لەگەڵ حکومەت و خەڵکی فەرەنسا بەشدارین لە ماتەمینی ڕائید باپتیست گۆشۆت، کە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک هەولێر گیانی لەدەستدا".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەم کاتە دڵتەزێنەدا، بیرمان لای خێزانەکەیەتی. هەروەها دوعای چاکبوونەوەی خێرا بۆ سەربازە بریندارەکەی دیکە دەکەین".

دوای رووداوەکە، کۆشکی ئیلیزێ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا: "سەرۆکی وڵات (ئیمانوێل ماکرۆن) پشتیوانی خۆی بۆ گەل و دەسەڵاتدارانی عێراق دووپاتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە لەسەر ویستی فەرەنسا بۆ بەردەوامیدان بە کارکردن لەگەڵ عێراق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکان کە شەڕی تیرۆر (داعش) دەکەن".

فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ بە درێژایی نۆ ساڵی رابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکاری سەربازی پێشکەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و مەشق و راهێنانی پێ کردوون.

لە ساڵی 2014 و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی هەزار و 100 سەرباز بەرزبووەوە.

بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، لە سەرەتای شەڕی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2022، فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا زیاتر لە هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگە و بنکە سەربازییەکانی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 250 ئامانجی ئەو رێکخراوە تیرۆریستەی تێکشکاندووە.

بە درێژایی شەڕی دژی داعش وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی فەرەنسا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و تا ئێستاش دوو سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە سەردانی هەولێریان کردووە؛ لە ئەیلوولی ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پیێشووی فەرەنسا و لە ئابی ساڵی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئێستای ئەو وڵاتە سەردانی هەولێری کردووە.