حاجی ئۆمه‌ران.. شاندێكی ئێران ئاماده‌كارییه‌كانی هاتنی زیارەتکارانی چله‌ی ئیمام حوسێن به‌سه‌رده‌كاته‌وه
K24 – هەولێر:
شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران كه پێكهاتوون له جێگری وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته و پارێزگاری ورمێ، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هاتنی زیارەتکارانی چله‌ی ئیمام حوسێن له ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه.
جێگری وه‌زیری ناوخۆی ئێران به كوردستان24ـی راگه‌یاند، سوپاسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی ده‌كه‌م بۆ ئەو هاوکاری و ئامادەکارییانەی لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمه‌ران بۆ زیارەتکارانی چله‌ی ئیمامی حوسێن دابینیانکردووە، کە بە نیازن بەرەو نه‌جه‌ف و کەربەلا بچن.
پێشتریش ته‌یفوور محه‌ممه‌د په‌یامنێری كوردستان24 له سۆران رایگه‌یاندبوو، بۆ به‌شداریكردن له چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان لایه‌نی ئێرانی و هه‌رێمی كوردستان، هاتنی زیاره‌تكاران له ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه، له‌وێشه‌وه بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق، دوێنێ هه‌ینی ده‌ستیپێكرد.
باسی له‌وه‌شكردبوو، هاتنی زیاره‌تكاران تا 6ـی مانگی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت.
په‌یامنێری كوردستان24 له سۆران روونیشیكردبووه‌وه، ئاماده‌كاری ته‌واوكراوه بۆ هاتنی زیاره‌تكاران، بۆ به‌شداری له چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن و پێشبینی ده‌كرێت رۆژانه 25 تا 30 هه‌زار زیاره‌تكار له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه له ئێرانه‌وه بچنه نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا".
گوتبوشی: "55 كۆمپیۆته‌ر و كابینه دانراون و له‌یه‌ك خوله‌ك 55 زیاره‌تكار چێكی پاسپۆرتی بۆ ده‌كرێت".
چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 500 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لەڕیگەی دەروەزای نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بێنە هەرێمی کوردستانەوە لەوێشەوە بەرەو شارەکانی نەجەف و کەربەلا بەڕێبکەون.
لەو بارەیەوە سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازه‌ی حاجی ئۆمەران پێشتر بەکوردستان24ی راگەیاندبوو، سەرجەم ئامادەکارییەکان لە پاسپۆرت و خاڵی پشکنین و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و پاس بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران تەواوبوون.
ملیۆنان شیعە لە شارەکانی عێراق و دەرەوەی ئه‌و وڵاتە روو لە شاری کەربەلا دەکەن، بۆ یادکردنەوەی چله‌ی شه‌هیدبوونی ئیمام حوسێن.
چلەکەی حوسێن یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئاینییەکان بۆ پێكهاته‌ی شیعەکان، ئەوان بە سەردانیکردنی گۆڕی حوسێن بن عەلی بن ئەبی تاڵیب کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە لە کەربەلا، شیوه‌ن دەگێڕن، هەروەها سه‌ردانی گۆڕی ئەبو فەزل عەباسی براشی ده‌كه‌ن.