لە ئێران بەهۆی کورتهێنانی کارەبا بەرهەمهێنانی ناوخۆیی کەمیکردووە

لە ئێران بەهۆی کورتهێنانی کارەبا بەرهەمهێنانی ناوخۆیی کەمیکردووە| وێنە: AP
لە ئێران بەهۆی کورتهێنانی کارەبا بەرهەمهێنانی ناوخۆیی کەمیکردووە| وێنە: AP

K24 - هەولێر

بە هۆی کورتهێنانی کارەبا و پچڕانی کارەبای پیشەسازییە گەورەکانی ئێران لە وەرزی هاویندا، بەرهەمهێنانی کارگەکان لە وڵاتەکە و بە گشتی چالاکییەکانی بازاڕ زیاتر لە 10٪ کەم بووەتەوە کە ئەمەش بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەدوادا هاتووە. کەمبوونەوەی چالاکیی پیشەسازییە گەورەکانی ئێران کاریگەریی لەسەر کەرتی پیشەسازیی بەرهەمە خۆراکییەکانیش کردووە و بەرهەمهێنان لەو کەرتەشدا زیاتر لە 16٪ کەمی کردووە.

کورتهێنانی کارەبا لە وەرزی هاویندا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر هەموو کەرتە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران داناوە و جیا لە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، پەرەسەندنی زیاتری گرانییشی بەدوادا هاتووە.

ڕۆژنامەی ئیعتمادی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە وەزارەتی وزەی ئێران لە سەرەتای هاوینەوە و بە کورتهێنانی کارەبا بڕیاری داوە پشکی کارەبای کەرتی پیشەسازی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی ناچار نەبێ کارەبا لەسەر هاووڵاتیان ببڕێت.

بەڵام بڕینی کارەبا لەسەر پیشەسازییەکانی وڵاتەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەر بۆ هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە گەڕاوەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئیعتماد، بە هۆی ئەوەی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە 12 کاتژمێر کارەبای کارگەکانی پیشەسازی بڕاوە، بەرهەمهێنان لە کەرتی پیشەسازیدا لە نێوان 10 تا 12٪ کەم بووەتەوە و ئەمەش گرانبوونی بەرهەمەکانی لێ کەوتووتەوە.

پیشەسازییە گەورەکانی ئێران وەک ئاسن و پۆڵا و پێترۆکیما، مەوادی پێویست بۆ پیشەسازییە بچووکەکانی دیکە دابین دەکەن و ئەمەش وای کردووە، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لەم کەرتانە کاریگەری لەسەر هەموو کەرتەکانی دیکەی ئێران هەبێت.

زۆرترین ڕێژەی دابەزینی بەرهەمهێنان و گرانبوونیش لە کەرتی خواردەمەنییەکاندا ڕوویداوە کە 16.5 ٪ دابەزیوە.

هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران 6.8٪ بەرز بووەتەوە و بەم پێیەش دەبوو بەرهەمهێنانی کارەبا 4500 مێگاوات زیاد بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرمایەگوزاری لە کەرتی کارەبادا لە 10 ساڵ لەمەوبەرەوە ڕاوەستاوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی خۆی بە تایبەت لە وەرزی هاویندا ساڵ لەگەڵ ساڵ کێشەکانی زیاتر دەبێت.