کۆبوونەوەی پلاسخارت و رێبەر ئەحمەد و قاسم ئەعرەجی دەستیپێکرد

K24 - هەولێر:

کەمێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەی تایبەتی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و قاسم ئەعرەجی لە هەولێر دەستیپێکرد.

کۆبوونەوەکە لەسەر دۆخی شنگالە و لەنێوان جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دۆخی شنگال و پێشهاتی نوێ لە ئارادایە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە، بە تایبەت هەڵبژاردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزاکە.

پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە و ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆمەلکوژی کوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت.

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

هەر بە پێی دوایین ئامار کە لە مانگی حوەزیراندا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون و دوو ھەزار و 693 رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.