ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: شایەتیدان بە ئۆنلاین لە دادگاکانی عێراق رێگەپێدراوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رەزامەندیدا لەسەر وەرگرتنی شایەتیدان لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەکارهێنانی ڤیدیۆ کۆنفرانس.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقی لەسەرە و ئاراستەی سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتی و دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی کردووە، جەختی لەسەر دەربڕینی رەزامەندی ئەنجوومەنەکەیان کردووەتەوە بۆ رێگەپیدان بە وەرگرتنی شایەتیدان بەشێوەی ئۆنلاین.

لە نووسراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، سەرەتای ئەو پرۆسەیە بەشێوەی ئەزموونی لە سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی پارێزگاکانی نەینەوا، بابل، زیقار و بەسرە بەکاردەهێندرێت.

لەبارەی هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونیکردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی خۆگونجاندنی دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ پێشکەوتنە ئەلیکترۆنییەکان و رەخساندنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا کە رۆڵی دەبێت لە یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکان بەشێوەیەکی خێراتر، ئەو بڕیارەیانداوە.

لەلایەن خۆیەوە، د. محەممەد رێکانی، ئەندامی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە پرۆسەی دادوەریی کارێکی گرنگە و لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان بەکاردەهێندرێت، بەڵام بۆ دادگاکانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا پێویستە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی ئەو شێوازە پەسەندبکات.

هاوکات د. محەممەد رێکانی ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی شایەتیدان بە شێوەی ئۆنلاین لە هەندێک لەو کەیسانەی زۆر توند نین ئاساییە بەکاربهێندرێت و ئاسانکارییە بۆ پرۆسەی دادگاییەکە، هەروەها پێویستی بە سیستمێکی تەکنەلۆژی پێشکەوتووش هەیە کە لە رووی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە پارێزراو بێت.

نووسراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق