کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا: کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

K24 – هەولێر:

كونسوڵی گشتی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاووتوێی چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان كرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ  (یەکشەممە 20ـی ئاب / ئۆگێستی 2023) بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، مارک سترۆ سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانی کرد و له‌لایه‌ن سەفین دزەیی بەرپرسی فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێم پێشوازیلێكرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە خاتوو زەهرا  جێگری کونسوڵی گشتی و  نۆوا ودیویس بەرپرسی بەشی سیاسی لە کونسوڵگەری گشتی ئەمەریکا ئامادەبوون، سەفین دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتی  ئه‌مه‌ریكا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

سه‌فین دزه‌یی ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی خستەڕوو بۆ سەرخستنی کارەکانیان لەهەرێم لە پێناو سوودو بەرژەوەندی هەردوولا.

بەرپرسی فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان باسی دوایین سەردانی خۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد، کە چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس ئەنجامدا، لە پێناو خستنەڕووی تێڕوانینی حکومەتی هەرێم لەمەڕ پرسەکان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان.

هاوکات سه‌فین دزه‌یی پوختەیەکی دەرەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و سیاسەتی حکومەتی هەرێم لەمەڕ پرسە هەنووکەییەکان خستەڕوو.

کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا سوپاسی  بەرپرسی فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان کرد و  ئاماژەی بەوەدا، کە بەرنامەی کاری بریتییە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەرجەم بوارەکان.

هەروەها گوتیشی: کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. (هه‌روه‌ك راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی پێداوه‌).