راوێژكارێكی سوودانی: هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ناو عێراق بڵاوه‌یان نه‌كردووه
K24 – هەولێر:
راوێژكارێكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری ئاسایش ره‌تیده‌كاته‌وه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ناو خاكی عێراق بڵاوه‌یان كردبێت، هاوكات جه‌خت ده‌كاته‌وه یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا جێگۆڕكێیان پێكراوه.
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 20ـی ئایاری 2023) خالید یه‌عقووبی، راوێژكاری محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری ئاسایش رایگه‌یاند، سه‌ركرده عێراقییه‌كان له دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی جه‌ختیان له‌سه‌ر پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق كردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه عێراق له‌میانی دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له واشنتۆن، سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی ده‌سته‌به‌ر كردووه. گوتیشی، كۆنووسێكی له‌نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا واژۆ كراوه، كه زیاتر په‌یوه‌سته به له‌ناوبردنی به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له ناوچه ئه‌منییه‌كان به‌هاوكاری حكومه‌تی عێراق.
خالید یه‌عقووبی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، بۆ هیچ لایه‌ك نییه به‌بێ لایه‌نه‌كه‌ی دیكه هه‌ڵسوكه‌وت بكات، جه‌ختیشیكرده‌وه، سوپاسالاری پێشمه‌رگه له‌ناو شاندی ئه‌منی عێراق بووه له واشنتۆن. هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، هه‌ردوولا رێككه‌وتووت له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌نێوانیان به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش.
هاوكات دووپاتیكرده‌وه، هیچ بڕگه‌یه‌كی نهێنی له كۆبوونه‌وه و دانوستانه‌كاندا بوونی نه‌بوو، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هێزی ئه‌مه‌ریكی له عێراق هیچ جووڵه‌یه‌كی نه‌كردووه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی روویداوه جێگۆڕكێپێكردنی چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه له سووریا.
ماوه‌یه‌كه ده‌نگۆی بڵاوه‌پێكردن و زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له میدیاكان بڵاوبووه‌ته‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌ندین سیناریۆ له‌باره‌ی بڵاوه‌پێكردنی ئه‌و هێزانه خراوه‌ته‌ڕوو، كوردستان24 وه‌ڵامی ئه‌و پرسه‌ی له ماتیۆ مەکفەرلەین فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش وه‌رگرت.
جوتیار حه‌مه‌د نێردراوی كوردستان24 له مه‌كفه‌رله‌ین ده‌پرسێت، "لە 15ی مانگی ئابەوە جموجۆڵی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە ناوچەکە دەبینین، بە شێوەیەک کە ژمارەی هێزەکانتان لە ناوچەکە بە تایبەت کەنداوی عەرەبی، سنوورەکانی عێراق، سووریا و هەرێمی کوردستان زیادبوون، شارەزایان باس لە دوو سیناریۆ له‌مباره‌وه دەکەن، هەندێکیان پێیانوایە کە ئەمه‌ریکا هێرشده‌كاته‌سه‌ر گرووپە ملیشیاکان، هەندێکیشیان دەڵێن کە رەنگە شەڕ لەنێوان ئەمه‌ریکا و ئێران رووبدات، ئەمە نیشانەی پرسیار بۆ خەڵکی ئێمە درووستکردووە و دەیانەوێت وەڵامەکەی بزانن".
ماتیۆ مەکفەرلەین له وه‌ڵامدا له چوارچێوه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی گوتی: "سوپاس بۆ وروژاندنی ئەم پرسیارە، منیش ئەم دەنگۆیانەم بيستووه، ئەم دەنگۆیانە مایه‌ی خەمبارییه، ئێمە (هێزەکانی هاوپەیمانان) نۆ ساڵە لێرەین، هەموو ساڵێک لە نێوان (شەش بۆ نۆ و 12 مانگ) ئاڵوگۆڕ بە یەکە سەربازییەکانمان دەکەین، له ئێستادا لە ناوەڕاستی ئەم ئاڵۆگۆڕییەداین، ئەمە چالاکییەکی رۆتینی ئاساییە و یەکە و کەلوپەلی نوێ دەهێنین و بڵاوەیان پێدەکرێت و یەکە کۆنەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک یان دوو بمێنێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە ئەرکەکان بەشێوەکەی پڕۆفێشناڵ جێبەجێ دەکرێن. دواتر ئەم یەکانە و کەلوپەلەکانیان دەگەڕێندرێنەوە. بۆیە ئەمە کارێکی رۆتینییە و بەڵێنمان بە سەربازکانمان و خێزانەکانیان داوە، دڵنیابینەوە لەوەی سەربازەکانمان ناهێنین بۆ ئەوەی چەندین ساڵ لێرە بمێننەوە. نۆ مانگ بۆ دوازدە مانگ وەک پابەندییەک بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکی عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەمێننەوە. ئەم ئاڵوگۆڕییەی یەکەکان پێویستە، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە هێزەکانمان بێزارنابن و دەتوانن پەیوەندی بە خێزانەکانیان بکەنەوە. بێگومان خێزانه‌کانیشیان، وەک ئێوە و خەڵکی عێراق مافیان بەسەر ئەم سەربازانەوە هەیە. لە مانگی سێ راگەیه‌ندراوێکی تایبەت سەبارەت بەم ئاڵوگۆڕییەی یەکانە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بڵاوکرایەوە".
ئه‌مڕۆ ماتیۆ مەکفەرلەین فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له شاری هه‌ولێر به‌ئاماده‌بوونی به‌شێك له ده‌زگا میدیاكانی كوردستان ئه‌نجامدا و نێردراوی كوردستان24یش تێیدا ئاماده‌بوو.