کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: کورد سەرچاوەی سەقامگیریی ناوچەکەن

رۆن دێسانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا و کاندیدێکی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا
رۆن دێسانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا و کاندیدێکی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

کاندیدێکی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، کورد سەرچاوەی سەقامگیریی ناوچەکەن و لە تێکشکاندنی داعش یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە. ئاماژە بەوەش دەدات، "دەبێت یارمەتی هه‌ر لایه‌نێك بده‌ین، کە دژی رژێمی ئێران دەوەستێتەوە".

رۆن دێسانتیس، کە حاکمی ویلایەتی فلۆریدایە و کاندیدێکی بەهێزی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بە کوردستان24ــی راگەیاند، کورد سەرچاوەی سەقامگیریی ناوچەکەن و "لە تێکشکاندنی داعش پاڵپشت و هاوکارێکی سەرەکی هێزەکانی ئەمەریکا بوون. لەکاتێکدا، چەند هێزێکی دیکە لە ناوچەکە نەیانویست هاوکاری ئەمەریکا بکەن".

رۆن دێسانتیس بە پێویستی دەزانێت ئەمەریکا سیاسەتی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت و، دەڵێت، "دەبێت یارمەتی ئەوانە بدەین کە دژی رژێمی دیکتاتۆری ئێران دەوەستنەوە".

سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، دێسانتیسی تەمەن 44 ساڵ رایگەیاند، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیاروایە کانوونی یەکەمی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، کاندید دەکات. بۆئەوەی دێسانتیس ببێتە بەربژێری کۆتایی کۆمارییەکان بۆ رکابەریکردنی بەربژێری دیموکراتەکان، پێویستە سەرەتا لە دۆناڵد ترەمپ لە دەنگدانی نێوخۆی پارتەکەیدا ببەزێنێت.

دێسانتیس لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک پشتیوانیی خۆی بۆ کورد دەربڕیوە. لە ساڵی 2017 و دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و، هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک، دێسانتیس کە ئەوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بوو، لە تویتێکدا رایگەیاند، "ئەو راپۆرتانەی لە گۆڕەپانەکەوە دێن پێشانی دەدەن یەکینەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی لایەنگری حکومەتی ئێران، لەنێویاندا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران، چەکی قورسیان جێگیر کردووە و چاوەڕێ دەکرێت هێرشێکی گەورە دژی پێشمەرگە بکەن".

حاکمی ئێستای فلۆریدا چەند جارێک داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە، "پێویستە کۆنگرێس بە روونی رابگەیەنێت کە ئێمە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین. ئەمە ئەو شتەیە کە پێویستە لە کۆتاییدا بکرێت، پێویست بوو زۆر لە مێژ ئەوە کرابا".