یونیسێف: دوو  ملیۆن منداڵ لە نەیجەر پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە

K24 – هەولێر:

یونیسێف ئاشکرای دەکات، زیاتر لە دوو  ملیۆن منداڵ لە نەیجەر پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.

رێکخراوی یونیسێفی سه‌ر به‌ نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ لە نەیجەر بەهۆی کودەتای سەربازیی وڵاتەکە و داخستنی سنوورەکانی، زیانیان پێگەیشتووە و پێویستیان بە هاوکاری مرۆییه‌ .

ئاشکراشی دەکات، پێش کودەتاکەی 26ـی تەمموز لە نەیجەر، نزیکەی ملیۆنێك و 500 هەزار منداڵ لەژێر تەمەنی پێنج ساڵ کێشەی کەمخۆراکییان هەبووە، لەو ژمارەیەش 430 هەزار منداڵ رووبەرووی مەترسیدارترین جۆری کەمخۆراکی ببونەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و داخستنی سنوور و راگرتنی هەناردەی کارەبا بۆ نەیجەر، ژمارەی ئەو منداڵانەی پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە زیاتر دەبێت.

رۆژی 27 – 7 – 2023 سوپای نه‌یجه‌ر دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، لایەنگرانی کودەتا لە نیامی پایته‌خت و دۆسۆ رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و سه‌رۆككۆماری نه‌یجه‌ر محەممەد بازومیان له‌سه‌ر كار لادا.