ئاراس عەبدوڵڵا: سەردانی هاکان فیدان دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی ئابووری تورکیا و عێراق

ئاراس عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی
ئاراس عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی

K24 – هەولێر:

چاودێرێکی سیاسی، رایگەیاند، هاکان فیدان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکات و هەروەها سەردانەکەی بۆ عێراق دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی ئابووری عێراق و تورکیا، هاوکات گوتیشی: هاکان فیدان کۆمەڵێک دۆسیەی نهێنی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و دواتر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکات.

ئاراس عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی هاکان فیدان دەبێتە یەکەم سەردانی فەرمی خۆی وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق، دواتر بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، هاوکات ئاشکرایشکرد، فیدان کۆمەڵێک دۆسییەی گرنگ هەیە کە باسی لیێوە دەکات لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە تایبەتی پرسی ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا ئەویش هەبوونی پەکەکەیە لەسەر سنوورەکانی تورکیا، دووەم دۆسیە کە زۆر بە گرنگ دادەنرێت بە نسبەت تورکیا سیاسەتی بەکارهێنانی ئاو بەرامبەر بە نەوت، سییەم دۆسیە کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن دۆسیەی رێگەی گەشەپێدانە کە حکومەتی عێراق نیازی وایە رێگایەکی بازرگانی لە خاکی بەسراوە بۆ ناو خاکی تورکیا بکاتەوە، کە لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەر عێراق و تورکیا بەیەکتر دەبەستێتەوە، هەروەها بە هێڵێکی سەرەکی بازرگانی نوێ دادەنرێت لەنێوان عێراق و تورکیا.

راشیگەیاند، خالێکی دیکەی گفتوگۆکان زەمینەسازییە بۆ هێنان و  وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی تورکیا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، تورکیا مەبەستییەتی ئەو جۆرە پەیوەندییە بازرگانییەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی بگوازنەوە بۆ ناوەڕاست، خوارووی عێراق و باشوری عێراق، گرنگترین خاڵیش زەمینەسازکردنی سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیایە بۆ عێراق، ناوبراو لە بەرنامەیدایە لە ئایندەکی نزیکدا سەردانی عێراق بکات.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی عێراق لەلایەن تورکیاوە کە لە بڕیاری دادگای پاریس هاتووە، ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوەدا، تورکیا ئامادەنییە ئە قەرەبووە بداتەوە عێراق کە لەسەری فەرز کراوە، بەهۆی ئەوەی کارتێکی فشاری بەهێزی بەرامبەر بە عێراق هەیە، ئەویش کارتی ئاوە، سەرچاوەی ئاوی رووبارەکانی عێراق هەمووی لە تورکیا و ئێرانە.

روونیکردەوە، دوو رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگ هەیە  کە کاروباری رووباری نێودەوڵەتی دەستنیشانیکردووە رێسا و یاسای بۆ دانراوە، ئەویش رێککەوتنامەی 'نێودەوڵەتی هێلسینکییە' و 'رێککەوتنامەی لیکۆنگە' لەهەردوو رێککەوتنامەش عێراق ئەندامە، لاوازی عێراق و بەهیز وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکە وایکردووە عێراق نەتوانێت ئەو کارتە فشارە بەکاربهێنێت، دەبێت عێراق سکاڵا لە دادگای دادی نێودەوڵەتی تۆماربکات کە تورکیا پێشێلی هەردوو رێککەوتنی کردووە بۆ یاسای رووبارە نێودەوڵەتییەکان تەنیا تورکیا پێشیلکاری نەکردووە بەڵکو ئێرانیش کردووییەتی، تورکیا دەڵیت، "هەروەکو چۆن عێراق سامانی نەوتی ژێر خاکەکەی بە هی خۆی دەزانێت، ئێمەش هەڵقوڵانی رووبارەکانی ناو خاکی خۆمان بە هی خۆمان دەزانین"، تورکیا دەتوانێت لەو رێگەیەوە دووبارە خۆی بنیات بنێتەوە لە رووی ئابوورییەوە، دەشتوانێت بگات بەو ئامانجە چونکە بڕینی ئاو و وشککردنی ئاو کارەساتی ژینگەیی گەورە بۆ عێراق دروست دەکات.

لەبارەی هۆکاری سەردانی هاکان فیدانی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاراس عەبدوڵڵا، گوتی: هۆکاری سەردانەکەی فیدان بۆ کوردستان بوونی دۆسیەی پەکەکە، نەوت و بازرگانییە، بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان کە پێچەوانەی بنەما و رێسا نێودەوڵەتییەکانە، پەکەکە بۆی هەیە وەک پەناهەندە لە هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام  چەک هەڵگرتنیان پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە یەکێک لەو بڕگانە ئەوەیە کە چۆن بتوانن چالاکی پەکەکە لە ناوچە سنورییەکان کەم بکەنەوە.

گوتیشی: تورکیا دەیەوێت زیاتر پەرە بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی خۆی بدات، لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دۆسیەی نەوتییش باسی لەوەکرد، تورکیا دەیەوێت میکانیزمێک بدۆزێتەوە کە چۆن دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە بکات.

جەختیشی لەوەکردەوە، هەبوونی تورکیا وەک دراوسێ و هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان سوودی باشی بۆ هەردوولا هەیە و دەبێت گرنگی پێبدرێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا دەیەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات.