قۆناغی یەکەمی شەقامى 100 مەترى سلێمانى لە وادەی خۆی دواکەوتووە

نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی کێشە بۆ پڕۆژەکان دروست دەکات
پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی
پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی

K24 - سلێمانی

پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى سلێمانى کە بە "ئۆتۆبانى بابان" ناسراوە ساڵى 2020بەردى بناغەى دانرا، بڕیاربوو مانگى تەممووزى ئەمساڵ کارەکانى قۆناغى یەکەمى تەواو ببێت، بەڵام چەند رۆژێکە دەست کراوە بە قیرتاو کردنى، نەبوونى پارە لە بانکەکانى سلێمانى کێشەى بۆ ئەو پڕۆژەیە و زۆرێک لە پڕۆژەکانى دیکەى سلێمانى دروستکردووە.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانى سلێمانى کە هەمووان چاوەرێی ئەو وادەیە دەکەن و دەپرسن کەى تەواو دەبێت؟ بەڵام پاش تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر وادەى تەواوبوونى قۆناغى یەکەمى پڕۆژەکە نەک تەواو نەبووە، بەڵکو  تازە بە تازە بەشێک لە شەقامەکەى قیرتاو دەکرێت و هێشتا دیار نییە کەى کۆتایى پێدێت، تا دەست بکرێ بە کارکردن لە قۆناغى دووەم و سێیەم کە دەکەوێتە ناوچە شاخاوییەکان و کارکردن تێدا زۆر ئه‌ستەمە.

بەکر تەیب بەڕێوبەرى پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "ئەمساڵ ئەو بەشەى کە قیرتاوى دەکەین کارەکانى  تێکەڵەڕێژیی تەواو بووە، چینى بەردى شکاو پێش چینى قیرتاو کردن جێبەجێ دەکەین، دواتریش ئەگەر دەرفەت هەبوو چینى دووەم قیرتاوەکەى جێبەجێ دەکەین".

ساڵێک لەمەوبەر دەبوایە قۆناغى یەکەمى پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى کە 33 کیلۆمەترە تەواو بوایە، بەڵام تا ئێستا کەمتر لە سەدا 50ى پڕۆژەکە تەواو بووە، سەرەڕاى ئەوەى چەندین جار حكومەت پارەى بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان کردووە، بەڵام کارەکانى وەک پێویست بەڕێوەناچێت.

کێشەى تەواو نەبوونى پڕۆژەکانى سلێمانى چەندین جار باس کراوە و لیژنەى بۆ پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون، بەڵام ئەنجامى کۆتایى سەرجەمیان یەک شت بووە ئەویش نەبونى پارەیە لە بانکەکانى سلێمانى هۆکارەکەى  نەگەڕانەوەى داهاتە بۆ خەزێنەى حکومەت.

زیاد رەزا، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "ئەوەى بووەتە کێشە لەبەردەم پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەداخەوە نەبونى پارەیە، ئەگەر کۆمپانیاکە پارەى بدرێتێ بە دڵنیایی زۆرێک لە ئیشەکانى تەواو کردبوو، کۆمپانیا و بەڵێندەر بۆ پارە ئیش دەکەن ئەگەر پارەى نەدرێتێ چۆن ئیش بکات؟".

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانى کوردستان24، نزیکەى 873 پڕۆژە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى وەستاون، بەشێک لە پڕۆژەکانیش لە سەدا 90ى کارەکانىان تەواو بووە، بەڵام بەهۆى نەبوونى پارە کارکردن تێیاندا راگیراوە، زیاتر لە 921 بەڵێندەریش مایە پووچ بوون.