فڕۆکەخانەکانی مۆسکۆ دەستیان بەگەشتە ئاسمانییەکان کردەوە

فڕۆکەخانەیەکی مۆسکۆ
فڕۆکەخانەیەکی مۆسکۆ

K24 - هەولێر

دەستەی فڕۆکەوانی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەخانەکانی مۆسکۆ دەستیان بە گەشتەکانی خۆیان کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆ چوارشەممەدا، بەشێوەیەکی کاتی گەشتە ئاسمانییەکانیان راگرت، بەهۆی هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، "سیستەمی بەرگری ئاسمانی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە کە هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر مۆسکۆ".

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە تێلێگرامی خۆی رایگەیاندووە، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خۆی بەسەر بینایەکدا کێشاوە کە لە قۆناغی دروستکردندایە لە ناوەندی مۆسکۆ".

ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی رووسی رایگەیاندووە، کە "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەخانەکانی مۆسکۆ گەشتەکانیان بەهۆی هێرشەکەوە راگرتووە".

رۆژی سێشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای لە ئاسمانی ناوچەی مۆسکۆ راگەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە، هەروەها کەوتنەخوارەوەی دوو فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەی برایانسک کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا راگەیاند.