هاکان فیدان ئەمڕۆ دەگاتە هەولێر
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە هەولێر و سبەی پێنجشەممە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. لە کۆبوونەوەکاندا چەند پرسێکی پەیوەست بە ئەنقەرە و هەولێر تاتوێدەکرێن، لە سەرووی هەمووشیانەوە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
دوای کۆبوونەوەی شەوی رابردووی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق؛ بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە کۆشکی سەلام لە بەغدا و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێدەکرێن.
بڕیارە هاکان فیدان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق؛ لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا؛ ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا بگاتە هەولێر و سبەی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەستپێبکات. بەگوێرەی زانیارییەکان، هاکان فیدان بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆببێتەوە.
ئەم سەردانەی هاکان فیدان وەکو ئامادەکارییەکە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە تا ئێستا وادەکەی بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەنقەرە و بەغداوە ئاشکرا نەکراوە.
"سەردانی هاکان فیدان بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە"
پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو (22ـی ئابی 2023)، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24، لەبارەی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانەکە گرنگیی خۆی هەیە و "هه‌رێمی كوردستان له هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌ناویشیاندا له‌گه‌ڵ توركیا جددییه و ئاره‌زووی پێشخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌كات له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌كاندا. توركیا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم هاوسنووره و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی، دیپلۆماسی و بازرگانیمان لەگەڵیان هه‌یه".
پێشەوا هەورامی ئاماژه‌ی به‌وەش كرد، هه‌رێمی كوردستان به‌ر له‌وه‌ی به‌شێك بێت له نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی، هه‌رێمێكی ده‌ستووری دانپێنراو بووه، كه پێشتریش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و دواتر پاش په‌ره‌پێدانی وزه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و په‌یوه‌ندییانه زیاتر په‌ره‌یسه‌ند.