رووسیا لە هێرشێکدا کۆگای دانەوێڵەی ئۆدێسای کردە ئامانج

بۆردومانی کۆگای دانەوێڵەی ئۆدیسا
بۆردومانی کۆگای دانەوێڵەی ئۆدیسا

K24 - هەولێر

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا کۆگای دانەوێڵەی ئۆدێسایان لە باشووری ئۆکرانیا کردە ئامانج، لە دوایین هێرشیشدا ئەو دامەزراوانەی کردە ئامانج کە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە بەکاردەهێنرێن لە لایەن ئۆکرانیاوە.

ئەمرۆ چوارشەممە، ئۆلێگ کیپەر، پاریزگاری ناوخۆیی ئۆدێسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام نووسیویەتی: "هێرشەکانی رووسیا کۆمەڵگەی بەرهەمهێنان و کەشتیوانییان کردووەتە ئامانج، بەمەش زیانی بە سایلۆی دانەوێڵەی ئۆدێسا گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی سەربازی باشووری ئۆکرانیا، بەرگرییە ئاسمانییەکان "9 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "شەهید"ی دروستکراوی ئێرانیان لە کاتی هێرشەکەدا خستووەتە خوارەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "رووسیا سایلۆکانی دانەوێڵە و کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنان و کەشتیوانی لە دانوب کردووەتە ئامانج، بەوهۆیەوە ئاگر لە کۆگاکە کەوتەوە و دواتر بە خێرایی کۆنترۆڵکراوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژئاوا رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد، کە خۆراک وەک چەک بەکاردەهێنێت، کە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکات، ئەمەریکاش ئەم جۆرە هێرشانەی رووسیای بە قبووڵنەکراو زانی.

ڤێدانت پاتەل گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەرەتای مانگی ئابدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو، کە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا "گرنگی بە ئاسایشی خۆراکی جیهانی نادات".

لە ئێستادا ئۆکرانیا بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەکانی سوود لە ناوچەی دانوب وەردەگرێت، بەشێکی زۆری ئەو دانەوێڵە دەگوازرێتەوە بۆ ئەودیوی رووبارەکە و تا دەگاتە دەریای رەش لەسەر سنووری ئۆکرانیا و رۆمانیا.