سه‌رۆك بارزانی: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەرنامە و پلانی باشی ئەنجامداوە

K24 - هەولێر:

لەدرێژەی سەردانەکەی بۆ دەڤەری بادینان و کۆبوونەوەی لەگەڵ جەماوەری ئەو دەڤەرە، ئه‌مڕۆ (چوارشەممە 23ی ئابی 2023) سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی قەزای شێخانی کرد و لەگەڵ چینوتوێژەکانی ئەو دەڤەرە کۆبۆوە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی لە کۆبوونەوەکەی ئه‌مڕۆی قه‌زای شێخان، سەرۆک بارزانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ دەڤەرەکە روونکردەوە و وێڕای ئاماژەدان بە پابەندبوونی خەڵکی ناوچەکە بە فەرهەنگی پێکەوەژیان داوای کرد کە ڕێگە نەدرێت هیچ کەسێک و لایەنێکی نامۆ و لادەر ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە بشێوێنن.

سەرۆک بارزانی هێمای بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دا و رایگەیاند، کە هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ کە دۆخی ناوخۆ چارەسەر بکرێت و هەموو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی رێکبکەون. ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی تازەی عێراقی لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی گشتی و رەچاوکردنی شەراکەت و تەوازون و تەوافوق دامەزرا، بەڵام بەداخەوە ئەو بنەمایانە پشتگوێ خران. لەدوای سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا ئەو چاوەڕوانییە هەیە گرفتەکان چارسەربکرێن.

لەدرێژەی گوتەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، کە پێویستە هەرێمی کوردستان پشت بە توانا و سەرچاوەکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەرنامە و پلانی باشی ئەنجامداوە و دەرئەنجامەکانی بە دیار دەکەون.

هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەو مەترسی و کۆسپانە کرد کە لەبەردەم گەلی کوردستاندا هەن، داواشی کرد کە هەموو لایەک پێکەوە هاوکار بن بۆ قووڵکردنی هەستی نیشتمانپەروەری و هۆشیارکردنەوی خەڵک بۆ ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە کە  شیرازەی کۆمەڵگە و گەنجەکانمان دەکاتە ئامانج.