ئهمهریكا پێشوازی له ههوڵی فهرمانگهی رێكخراوه ناحكومییهكان بۆ چارهسهركردن و ئاسانكاریكردنی كاری رێكخراوهكان دهكات
K24 - هەولێر:
ئەمهریکا ڕۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بهرز دهنرخینێت و پێشوازی له هەموو هەوڵێك دهكات بۆ باشترکردنی كاری ڕیكخراوهیی له ههرێمی كوردستان.
لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم و هەوڵەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە پاڵپشتی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕێکخراوەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕێکخراوەیی لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان چەند کێشەیەکی ڕێکخراوەکانی چارەسەرکردووە و چەندین ئاسانکاری ئەنجامداوە.
فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دهشڵێت، گرنگترین چارهسهرییهكان و ئاسانكارییهكان لهو ماوهیهدا بریتی بوو له بەدەستهێنانی گشتاندن لە لایەن بانکی ناوەندی عێراق و لقی بانکی ناوەندی عێراق لە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو بانکەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە لە کاتی پێشکەشکردنی خزتمەتگوزاری بانکییەکان پابەند بن بە داوانەکردنی بڕوانامەی تۆماری دامەزراندن لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکمومییەکانی بەغدا بۆ ڕێکخراوە تۆمارکراوەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان.
هاوكات لهگهڵ هەڵگرتنی مەرجی داواکردنی گرێبەستی بەخشەر لەکارتی دەرکردن/نوێکردنەوەی بڕیاری کارگێری بۆ ڕێکخراو بیانییەکان و پێشکەشکردنی پشتگریی وڵاتی بەخشەر لەشوێنی و ئاراستەکردنی نووسراوێک بە ژمارە (١٧٨٨) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٧/١٨ بۆ وەزارەتی دارایی ئابووری، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و ڕوونکردنەوەی بابەتی بەخشینی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە باج بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١.
ئاسانکاریکردن لەکاتی داواکاری نوێکردنەوەی بڕیاری کارگێری، بەجۆرێک ئەگەر هاتوو ڕێکخراو پێداویستییەکانی تایبەت بە دەرکردن/ نوێکردنەوەی بڕیاری کارگێری تەواو نەبوو، فەرمانگە بڕیارێکی کارگێری کاتی بۆ ماوە (٣٠) رۆژ بە ڕێکخراوەکە دەدات بۆ ئەوەی کارەکانی ڕایی بکات و لەو ماوەیەش پێداویستییەکانی بڕیاری کارگێری بە تەواوی ئامادە بکات.
فهرمانگهی رێكخراوه ناحكومییهكان ههروهها دهڵێت یهكێكی دیكه له كارهكانیان بریتی بوو له هەموارکردنی ڕێنمایی ژمارە (٨ لە ساڵی ٢٠٢٣) سەبارەت بە پێشکەشکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بۆ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کارنەکردن بە بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم و پێنجەم) ئەویش لە رێگەی نووسراوی سەرۆکایەتی دیوان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە(٣٤٠٩) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/١٣ و دوابەدوای نووسراوی فەرمانگەکەمان بە ژمارە (١٨٨٨) لە رێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٧.
باسی لهوهش كردووه، دوابەدوای چارەسەرکردنی کێشەی باجی ڕێکخراوەکان لەلایەن فەرمانگەکەمان لەڕێگەی بڕیاری ژمارە (٥٠٥) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٣/٢٨ تایبەت بە ڕێکخستنەوەی باجی ڕێکخراوەکان و جێبەجێکردنی لە زۆربەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەهۆی بوونی سکاڵا لە لایەن هەندێک ڕێکخراوەوە سەبارەت بە پابەند نەبوونی بەشێک لە فەرمانگەکانی باج لە هەندێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی باج لە ڕێکخراوەکان، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی دیوان کردووە بە مەبەستی چارەسەری ڕیشەیی ئەم کێشەیە و جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١.
داوانەکردنی لیستی ناوی بەشداربووانی چالاکی ڕێکخراوەکان وەکو مەرجی پێشوەختە بۆ پێدانی ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی چالاکی، بەپێی نوسراوی فەرمانگە ژمارە (٢١٧٦) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٢، یهكێكی دیكه بووه له كارئاسانییهكانی فهرمانگهی رێكخراوه ناحكومییهكان. ئاماژهی بهوهش كردووه، لەکاتی ئەنجامدانی چالاکی ڕێکخراوەکان دەبێت چالاکییەکانیان (بەتایبەتی چالاکییەکانی پەیوەست بە مافی ئافرەت و پیاو) هاوتا بێت لەگەڵ دەستوری هەمیشەیی عێراق و یاسا بەرکارەکانی هەرێم و لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکان بگونجێت بەپێی نوسراوی فەرمانگە ژمارە (٢١٥٦) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٣ و نوسراوی ژمارە (٢١٧٥) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٢ .
فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان له كۆتاییدا جهختیكردووهتهوه، بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان لەپێناو ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ئامانجانە بەدی بهێنن کە لەپێناویاندا دامەزراون و خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگە پێشکەش بکەن، بەردەوام بن لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێشکەوتوو و بەردەوام.