سه‌عدی پیره‌ بۆ كوردستان24: ئەو کەسانەی دەرکراون ناتوانن بەشداری لە کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی بکەن

K24 – هەولێر:

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند، پێویستە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەستکەوت بدەن لە پڕۆژەیاسای  نەوت و گازدا.

سەبارەت بە كۆنگرەی یەکێتیش، سەعدی پیرە دەڵێت، ئەو کەسانەی دەرکراون، ناتوانن بەشداری لە کۆنگرەی داهاتووی یەکێتیدا بکەن.

ده‌شڵێت: "لەئێستاوە ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردنی مانگی دووی ساڵی داهاتوو دەكەین".

گوتیشی: "پارتی و یەكێتی ھیچ بەدیلێكیان بۆ یەكتر نییە، ھەربۆیە مەحكوومن بەوەی بەیەكەوە كار بكەن و پێویستی لەگەڵ یەكتر كاربكەن".

رۆژی (20ـی ئابی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردبوو، کۆبوونەوەیان  لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکووک ئەنجامدا، تێیدا ئەنجامدانی کۆنگرە گفتوگۆی لەبارەوەکرا و بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2019) کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و بەشێک لە پەیکەری رێکخستنی حزبەکەی گۆڕی، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، رووداوەکانی هەشتی تەمموزی 2021ـی بەدوای خۆیدا هێنا و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبەش بەردەوامی هەیە.