قەدەغەکردنی ئینستاگرام لە ئێران نزیكەی دوو ملیۆن كەسی بێكار كردووە

ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بە ھۆكاری ھاندانی ھاووڵاتیان بۆ خۆپێشاندان دەزانێت
ژمارەیەک بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئێران
ژمارەیەک بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئێران

K24 - هەولێر

پەرلەمانی ئێران گفتوگۆی لەسەر سوود و زیانەكانی فیلتەركردن و سنوورداركردنی ئینتەرنێت كرد. بەشێك لە پەرلەمانتاران دەڵێن، زیانەكانی زۆر زیاتر بوونە و تەنیا قەدەغەکردنی ئینستاگرام نزیكەی دوو ملیۆن كەسی بێكار كردووە.

بڕیارێك خۆیان دەڵێن بە ناچاری داویانە، بەڵام ئێستا دوای ساڵێك بەرۆكی گرتوون. پەرلەمانی ئێران بە چڕی گفتوگۆی لەسەر یەك ساڵ فیلتەركردن و سنوورداركردنی ئینتەرنێت لەئێران كرد. وەزیری پەیوەندییەكانیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، بۆ ئەوەی وەڵامی پەرلەمانتاران لەسەر سوود و زیانەكانی سنوورداركردنی ئینتەرنێت بداتەوە.

لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمانی ئێران دەڵێ 64 لە سەدی ھاووڵاتیانی ئێران فیلتەرشكێن یان پرۆكسی بەكار دەھێنن، ئەوەش بەگوتەی راپۆرتەكەی پەرلەمان شكستی بڕیاری فیلتەركردنی ئینتەرنێتە.

ئێران چەندین ساڵە لە ھەوڵی ئەوەدایە ئینتەرنێت و تۆڕی سوشیاڵ میدیای نیشتمانی دروست بكات. لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردوو ئەو پرۆسەیەی خێراتر كردەووە و سەرجەم تۆرە كۆمەڵایەتییە بیانییەكانی فیلتەر كرد و، ھەندێك سوشیال میدیایی ناوخۆیی خستە بەردەست.

بەپێی راپۆرتەكەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ئەو ھەوڵە سەركەوتوو نەبووە، پێشوازییەكی ئەوتۆ لە ئینتەرنێتی نیشتمانی نەكراوە و ھاووڵاتیانیش بە رێژەیەكی زۆر بە فیلتەرشكێن و چەندین جۆر 'ڤی پی ئێن' تۆرە كۆمەڵایەتییە بیانییەكان بەكار دەھێنن. لەگەڵ ئەوەش زیانێكی زۆری ئابووری لە ھاووڵاتیان داوە.

رۆژنامەی ئیقتسادی ئێران پێشتر ئاشكرایكردبوو، خاوكردنەوەی ئینتەرنێت و فیلتەركردنی ئینستاگرام كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كاروكاسبی نزیكەی دوو ملیۆن ھاووڵاتی ئێران داناوە.

ئێستا دوای سالێك جگە لە پەرلەمان بەشێك لە وەزیرەكانی كابینەی ئیبراھیم رەئیسیش ددانیان بە شكستی فیلتەرینگ و زیانەكانی ھێناوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و ئەنجوومەنی باڵای تۆرە كۆمەڵایەتییەكانی ئێرانە. تاوەکو ئێستاش ئەوان لەسەر بەسەرنجام گەیاندنی ئینتەرنێت و تۆرە كۆمەڵایەتییە نیشتمانییەكان پێداگرن و دەڵێن سنووردار نەكردنی ئینتەرنێت ئاسایشی نیشتمانی دەخاتە مەترسییەوە و تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بە ھۆكاری ھاندانی ھاووڵاتیان بۆ خۆپێشاندانەكان دەزانن.