یۆنان بۆ شەشەمین رۆژ لەسەریەک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان دەدات

K24 - هەولێر

ماوەی شەش رۆژە ئاگرەکە لە چیای پارنیسا لە نزیک ئەسینای پایتەخت کەوتووەتەوە، بەسەدان ئاگرکوژێنەوەش خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، تاوەکو ئێستاش 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.

گوتەبێژی تیمی ئاگرکوژێنەوە، یانی ئارتوبیس، بە تەلەفزیۆنی ERTی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگرێکی گەورە لە دۆڵێکی ناو دارستانەکەدا کەوتووەتەوە و مەترسی لەسەر دانیشتووانی ناچەکە دروستکردووە.

لەم هەفتەیەدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی دارستانەکە، تەرمی 19 کەس لەو ناوچەیە دۆزرایەوە کە پێدەچێت کۆچبەر بن کە دوو منداڵشیان تێدایە.

بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە خاڵی ترانزێتی ناسراوە بۆ قاچاخچییەکان لە تورکیاوە بۆ یۆنان، بەرپرسان رایانگەیاندووە، ئەگەری زۆرە قوربانی زیاتر لەنێو ئەو پەناخوازانەدا بدۆزرێتەوە کە نەیانتوانیوە خۆیان لە ئاگرکەوتنەوەکان دەرباز بکەن.

شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، کەشوهەوای وشک و گەرم کە مەترسی ئاگرکەوتنەوەکە زیاتر دەکات، رەنگە تا رۆژی هەینی بەردەوام بێت.

وەزیری پاراستنی شارستانی ڤاسیلیس کیکیلیاس ئاشکرایکرد، وڵاتەکە خراپترین هاوینی بەڕێکردووە، بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە، گوتیشی: "ئەمە دۆخێکی بێ وێنەیە".

بەپێی خەمڵاندنەکانی روانگەی نیشتمانی ئاگری دارستانەکان، کە لەلایەن زانکۆی ئەرستۆ لە شاری سالۆنیکی یۆنان بەڕێوەدەبرێت، رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە 60 هەزار هێکتار لە باکوری یۆنان و پێنج هەزار هێکتار لە رۆژئاوای ئەسینای پایتەخت لەناوچوون.