روونکردنەوە لەسەر شێوازی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەدرێت

ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون
ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دیاریکراوە و لە ئێستادا هاووڵاتییان دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕمی داواکاری پێشکەش بکەن و شێوازی دابەشکردنەکەش بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و دەستی کەسی تێدا نابێت لە هەڵبژاردن و دیاریکردنی یەکەکان.

توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی راگەیاند: "لە دوو هەفتەی رابردوودا کە فۆرم کارا کراوە، 11 هەزار و 160 کەس پڕیان کردووەتەوە و پرۆسەکەش تاکو 30ـى تشرینی دووەمى 2023 بەردەوام دەبێت. بە پێی داتاى حکومەت نزیکەى 200 هەزار خێزانی کرێنشین هەن، لە هەنگاوی یەکەم نۆ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون دیاریکراون، بەپێی یاساى نیشتەجێکردن ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت."

کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتبەست بە یاسای ژمارە حەوتی ساڵی 2006ـی هەموارکراوی ساڵی 2016، پڕۆسەى هاوکاریکردن و پشتیوانیی خێزانە داهاتنزمەکانی لە رێگەى بەخشینی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەست پێکردووە و بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش دەڵێت: "پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت".

یەکەکانی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە دروست دەکرێن و بەبێ پێشەکی و بە قیستی درێژخایەن دابەش دەکرێن.

لەبارەى نیگەرانی و پەلەى هاووڵاتییان بۆ زووپڕکردنەوی فۆرمەکان، ناوبراو دڵنیایی دەدات و گوتی: "لەو 90 رۆژەدا، هەرکات فۆرم پڕبکرێتەوە جیاوازی نییە و داتاکان شی دەکرێنەوە، تا ئەوکاتەى سیستمەکە دادەخرێت. دواتر زانیارییەکان دەنێردرێنە یەکە کارگێڕییەکان و وردبینیان بۆ دەکرێت، لە رێگەى دامەزراوە تایبەتەکانەوە پشکنین بۆ زانیارییەکان دەکرێن. دواى گەڕانەوەی ناوەکان گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت و پێیان دەبەخشرێت."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە ئەلیکترۆنییە و خۆکارانە کار دەکات، داتاکان لە دەستی مرۆڤ دوورن، نمرەدانان بەپێی پێویستی و شیاوییە و دەستوەردانی تێدا ناکرێت. دواى تەواوبوونی وادەى پڕکردنەوە، بە کەمتر لە چوار هەفتە زانیارییەکان پاکتاو دەکرێن و کاروبارەکانیان تەواو دەبن، دواى وردبینی لە یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاریان لێوە دەدرێت."

یەکەکانی نیشتەجێبوون، ژمارەیان نۆ هەزار و چوار یەکەیە و دەکەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرینەشیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی؛ بەشێکیان نزیکن لەوەی تەواو ببن و بەشێکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان.

دابەشبوونی یەکەکان بەمشێوەیەیە: هەولێر هەزار و 356 یەکە، سلێمانی سێ هەزار و 876 یەکە، هەڵەبجە 192 یەکە، ئیدارەى راپەڕین 420 یەکە، ئیدارەى گەرمیان 360 یەکە، دهۆک دوو هەزار و 116یەکە، زاخۆ 324 یەکە و ئیدارەى سۆران 360 یەکە.

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023)، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاووڵاتییان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان، دەکرێت لەم لینکانەوە داواکاریەکانیان پێشکەش بکەن و روونیکردەوە، لەبەر هەندێکی هۆکاری سەلامەتی و هۆکاری زۆری لۆد سیستمی سەرەکی گواستراوەتەوە بۆ ئەم لینکە:

https://kamdaramet.com/

هەروەها رۆژی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی فۆڕمی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بەبێ پێشەکی و بە قیستی 25 ساڵ راگەیاند.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیش، لە ماوەی سێ مانگدا هاووڵاتییان دەتوان فۆڕمەکانیان پێشکەش بکەن، دواتر لیژنە لە سنووری ناحیە و قەزا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێ بۆ دیاریکردنی خاڵەکان.

بەگوێرەی مەرجەکان، ئەو کەسەی فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەش دەکات دەبێ تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵ بێت و خێزاندار بێت.

پێشکەشکردنی فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت و لە سەرەتادا، داواکار دەبێ مەرجەکان بزانێت، هەر کەسێک رازی نەبێت بەو مەرجانە بۆی نییە سوود لەو سیستەمە وەربگرێت و داواکاری پێشکەش بکات.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاندووە، بڕیاریانداوە هیچ بارگرانیەک بۆ کەس دروست نەبێت و هیچ بەڵگەیەک داوا نەکات، بەڵام پاشان هەر کەسێک بەپێی ئەو مەرجانەی داواکراوە توانی خاڵی پێویست بەدەست بهێنێت و ببێتە خاوەن یەکەیەک لەو یەکە نیشتەجێبووانەی دیاریکراون ئەوا مەرجە هەموو زانیارییەکان بسەلمێنێت کە لەم فۆڕمی داواکارییەدا تۆماری کردووە.