هاکان فیدان کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هێنا

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆتایی بە سەردانە دوو رۆژییەکەی هێنا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، دوای ئەوەی لە هەولێر و بەغدا چەندین کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومی و سیاسیی ئەنجامدا.

دوای ئەوەی رۆژی (22ـی ئابی 2023)، هاکان فیدان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخت و لە یەکەم وێستەگەی سەردانەکەشیدا، لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و رۆژی دواتریش لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبووەوە.

لە درێژەی سەردانەکەیدا، درەنگدانی شەوی (23ـی ئابی 2023) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆکایەتی شاندێک لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و رۆژی (24ـی ئابی 2023)ـش لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاکان فیدان جەختی لە خواستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ هەولێر دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "هەروەک چۆن لەماوەی رابردوودا هەولێر سەقامگیرتر و ئاوەدانتر بووە لەچاو ناوچەکانی دیکەی عێراق، دەمانەوێت بەوشێوەیە بمێنێتەوە و لەو پێناوەشدا ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەک".

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و لە دیدارەکەدا کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.

هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە.