کارزان گلی: پارتی دەسەڵاتداری تورکیا دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێز بێت

کارزان گلی، رۆژنامەنووس و شارەزای کاروباری تورکیا
کارزان گلی، رۆژنامەنووس و شارەزای کاروباری تورکیا

K24 – هەولێر:

رۆژنامەنووسێک، رایدەگەیەنێت، تورکیا هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان دووبارە بگەڕێنێتەوە ناو پێگەی وزەی نێودەوڵەتی، هاوکات گوتیشی: هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا زۆر گرنگە بەردەوام وەک ناوچەیەکی بەهێز سەیریان کردووە.

کارزان گلی، رۆژنامەنووس و شارەزای کاروباری تورکیا، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، هاکان فیدان 15 ساڵ زیاترە دۆسیەی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەلایە و رۆڵێکی کاریگەری لەسەر پرسی چارەسەری تورکیا هەبووە، یەکێک بوو لەوانەی گرنگی بە دۆسیەی کورد داوە لە ناوچەکە و رۆلی هەبوو کە سەرکردەی کورد سەردانی تورکیا بکەن و سەرکردەی تورکیش سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

هاوکات راشیگەیاند، تورکیا هەوڵی جددی دەدات کە کوردستان بگەڕێنێتەوە ناو پێگەی وزەی نێودەوڵەتی، فیدان لەمیانەی ئەوە سەردانانەی بۆ بەغدا و هەولێر قسەی کردووە لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکییەوە.

ئەو رۆژنامەنووس و شارەزایەی کاروباری تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی تورکیا رایگەیاندووە، "تورکیا سازشی لەسەر هەندێک داوکاری کردووە لەگەڵ عێراق تەنیا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بچێتەوە ناو پێگەی وزەی نێودەوڵەتی ".

روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا زۆر گرنگە بەردەوام وەک ناوچەیەکی بەهێز سەریرایان کردووە، تورکیا بە بەردەوام پاڵپشتی لە ئارامی هەرێمی کوردستان کردووە.

کارزان گلی، دەڵێت: هاکان فیدان هاتووە بڵێت، "ئەو ئارامییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە ئێمە پشتگیری دەکەین"، هاوکات ئەو پەیامەشی زۆر گرگە بۆ کوردانی باکووریش.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023)، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، هاتنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولا، گوتیشی: "هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردوومانە هەموولایەک بتوانین سوودی باشی لێببینین".

لەلایەن خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد،"پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەموو کاتێک گرنگی خۆی هەیە، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکەرەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کرد". 

هاکان فیدان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەمان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی وزە و بازرگانی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هەردوولا کرد".

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (24ـی ئابی 2023) هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.