سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆبوونه‌وه

K24 – هەولێر:

سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، جه‌ختیان له‌ پاراستنی سه‌ره‌وه‌ری خاكی عێراق و رێگریكردن له‌ سنووربه‌زاندن كرده‌وه‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق محه‌ممه‌د شیاع سوودانی چاویكه‌وت به‌ له‌تیف ره‌شید سه‌رۆككۆماری عێراق.

له‌میانه‌ی دیدارێكدا تاووتوێی دۆخی سیاسی، ئه‌منی، ئابووری و ژینگه‌ی عێراق كرا و جیا له‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له پشتگیری‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی حكومه‌ت، به‌گوێره‌ی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك و هاووڵاتیان و دابینكردنی سه‌قامگیری ئه‌منی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سوودانیدا هاتووه‌، سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق گفتوگۆیان له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كرد، كه‌ بڕیاره‌ی له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆككۆماری عێراق تاووتوێی پاراستنی ئاسایشی سنووره‌كانیان كرد و جه‌ختیان له‌ رێگریكردن له‌ سنووربه‌زاندن و پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق كرده‌وه‌، وێڕای تیشكخستنه‌سه‌ر پرسی ئاو و كاریگه‌ری ئه‌و پرسه‌ بۆسه‌ر ژیان هاووڵاتییان.

جیا له‌ ئاماژه‌دان به‌ رۆڵی گرنگی عێراق له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، بۆ نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان و به‌هێزكردنی ئاسایش و ئاشتی له‌نێوان وڵاتاندا.