سه‌رۆك بارزانی بۆ یادی 35 ساڵه‌ی ئه‌نفالی بادینان: دوژمنان و تاوانباران باجی هەڵە و تاوانەكانیان دا

سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆك بارزانی

K24 – هەولێر:

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، "سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر رژێمی پێشووی عێراق لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و راگواستن كردەوە".

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: " گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و هەرگیز لەبەرانبەر ئەو تاوان و ستەمكاریانەی دوژمن خۆی بەدەستەوە نەدا".

ده‌قی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی سی و پێنج ساڵەی ئەنفالی بادینان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لە درێژەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانەی لە سەدەی رابردوو دژی کوردانی فەیلی و رۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و شوێنەكانی تر ئەنجام درا، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و ڕاگواستن كردەوە.

حكومەتی ئەو كاتی عێراقی بە بەرچاوی جیهان سەدان هەزار سەرباز و چەكی تۆقێنەری  لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكارهێنا.

ئامانجی ئەو كردەیە شكاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕیی بادینان بوو، بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و هەرگیز لەبەرانبەر ئەو تاوان و ستەمكاریانەی دوژمن خۆی بەدەستەوە نەدا.

ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە باجی هەڵە و تاوانەكانیان دا . ئەمە وانەیەكی گەورەیە بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان.

لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەنێرین و جەخت لەوە دەكەینەوە دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە.

مسعود بارزانی

25ی ئابی 2023