منداڵێک دوای دەرهێنانەوەی لە ئاوی سیروان گیانی لەدەستدا

کەپرە گەشتیارییەکانی ژاڵەناو لەسەر رووباری سیروان
کەپرە گەشتیارییەکانی ژاڵەناو لەسەر رووباری سیروان

K24 - هەولێر:

منداڵی خێزانێكی گەشتیار لە یەکێک لە کەپرە گەشتیارییەکانی ژاڵەناو لە سنووری قەزای دەربەندیخان دەکەوێتە ئاوی سیروان و دواتر گیان لەدەستدەدات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، منداڵێك لە یەکێک لە کەپرە گەشتیارییەکانی ژاڵەناو دەکەوێتە نێو ئاوی رووباری سیروان و دوای دەرهێنانەوەی و گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.

سەبارەت بە ئاماری رووداوەکانی خنکان، رۆژی 9ـی ئابی 2023، سروە رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە (1-1-2023) تا رۆژی سێشەممە (8-8-2023)، 61 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاودا خنکاون.

بە گوتەی سروە ڕەسوول، ئەوانەی لە ئاودا خنکاون، بەشێکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون و بەشێکی دیکەشیان گەشتیار و سەردانکەر بوون. روونیشیکردەوە، زۆرترین ژمارەی قوربانیانی خنکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و کەمترین ژمارەی قوربانیانیش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تۆمارکراوە.