زۆزان کۆچەر: عێراق بە هۆکاری سیاسی قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی نەکردووەتەوە

زۆزان کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق
زۆزان کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ 35 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنفالی بادینان، لەمبارەوەیە پەرلەمانتارێکی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق تا ئێستا ئامادە نییە قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە، هاوکات دەشڵێت: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق فشاری زیاتر لە حکومەتی عێراق بکەین بۆ ئەوەی بێتە ژێر باری پرسی قەرەبووکردنەوە.

زۆزان کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئەم کارەساتە هەمیشە لە یادیان دەمێنێت، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق زۆر بە جددی کار دەکەن بۆ ئەوەی کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە.

هاوکات راشیگەیاند، داوا لەلایەنە کوردییەکان دەکات لە پەرلەمانی عێراق یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق رازی بکەن بچێتە ژێر باری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی عێراق تا ئێستا ئامادە نییە کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا عێراق بە ئەقڵییەتێکی شۆڤێنی مامەڵە دەکات.

ئەوە پەرلەمانتارەی عێراق روونیکردەوە، لە ماددەی 132ـی دەستووری عێراقدا تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان، لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە، دەبێت دەوڵەتی عێراق قەرەبووی خێزانی شەهیدانی بەعس بکاتەوە، لە بڕگەی دووەمیشدا هاتووە، هەر کەسەێک زەرەرمەند بێت لە کردەوەی تیرۆرستی دەبێتە قەرەبوو بکرێتەوە.

زۆزان کۆچەر، دەڵێت: عێراق بە هۆکاری سیاسی قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی نەکردووەتەوە.

باسی لەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق بە یەک چاو سەیری قوربانییان بکات، بۆ هی ناوچەکانی خۆی قەرەبووکردووەتەوە، هی ناوچەکانی هەرێمیش تا ئێستا قەرەبوو ناکراونەتەوە.

ئەوە پەرلەمانتارەی عێراق، گوتی: بە ئیرادەکی جددی لە پەرلەمانی عێراق کار دەکەین، بۆ ئەوەی فشار لە حکومەتی عێراق بکەین بۆ ئەوەی کەسوکاری قوربانییانی هەرێمی کوردستان قەرەبوو بکاتەوە. 

ئەمڕۆ هەینی (25ـی ئبای 2023) فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە 35ـه‌مین ساڵیادی ئه‌نفالی بادینان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژەیداوە، رژێمی عێراق له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌یان هه‌زار كه‌سی بێتاوانی ئه‌نفال كرد و له‌ زێدی خۆیان به‌دووری خستنه‌وه‌ و گوند و موڵك و ماڵیانی وێران كرد و چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژ به‌كارهێنان.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا ده‌كات كاری جددی بكریت بۆ ئه‌و تاوانانه‌ و ناساندنیان وه‌ك تاوانی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا و كاركردن بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ كارێكی دیكه‌ی نامرۆیی له‌سه‌ر زه‌وی.

پێشتریش، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، کاتی خۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم زیانەکانی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی خەملاند لە رێگەی لیژنەیەکەی پەیوەندیدار ئاراستەی حکومەتی عێراقی کرد، کە دەبێت عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات و قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدابوو، حکومەتی عێراق بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەدزێتەوە لەپرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان.

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، باسی لەوەشکردبوو، پرسی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کەیسێکی زیندووە و ئەم پرسە پەیوەندی بە داهاتووی گەلی کوردستانەوە هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە، هەروەها خەڵکی کوردستان پارێزراو بن و جارێکی دیکە دووچاری جینۆساید نەبنەوە.