ئەمساڵ 13 کەس لە سنووری هەولێر لە ئاودا خنکاون

دیمەنێکی زێی گەورە - فۆتۆ: رێباز سیان
دیمەنێکی زێی گەورە - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – هەولێر

لە سەرەتای مانگی هاوینی ئەمساڵەوە تائێستا 13 کەس لە سنووری هەولێر لە ئاودا خنکاون، بۆ هۆشیارکردنەوەی گەشتیار و هاووڵاتییان هەڵمەتێک لەسەر رووبار و ناوچە گەشتیارییەکان لە سنووری هەولێر دەستیپێکرد.

ناز جەلال، بەڕێوبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگری شارستانی هەولێر لە هاوینی ئەمساڵدا 13 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، لەو ژمارەیەشدا 9 کەسیان لە زێی گەورە خنکاون".

گوتیشی: "تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆییمان راسپاردووە، کە هەڵمەتێکی بەرفراوان دەستپێبکەن، بۆ هوشیاری مەلەکردن لەو شوێنە گەشتیارییەکان، یەکەم شوێنیش ئەمڕۆ لە زێی گەورە لە قەزای خەبات هەڵمەتەکە بەڕێوەدەچێت و لە شوێنەکانی دیکە بەردەوام دەبێت".

بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست کوردستان24 کەوتووە، لە ساڵی رابردوودا 77 حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، هەروەها لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 56 حاڵەتی خنکان هەبووە.