وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: تاوەکو ساڵی 2027 ژمارەی دارخورماکان دەگاتە 25 ملیۆن

خورما
خورما

K24 - هەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، تا ساڵی 2027 ژمارەی دارخورماکانی وڵات، دەگاتە 25 ملیۆن دار، لەکاتێکدا ئێستا 17 ملیۆن و 500 هەزار دار خورمایە، ئاماژە بەوەشدەکات، کە بەرنامە هەیە بۆ چەند هێندەکردنی لقی جۆرە دەگمەنەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی باخداری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، هادی هاشم یاسری لە دیدارێکدا رایگەیاند، "وەزارەتەکەی پلانێکی تۆکمەی بۆ پەرەپێدانی دارخورما لە وڵات پەسەند کردووە، هەروەها بەرنامەیەکی ئامادە کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی نەمامەکانی جۆرە دەگمەنەکانی دار خورما، جا چ لە عێراق بێت یان وڵاتانی دیکە.

یاسری گوتیشی: "بەرنامەی بڵاوبوونەوەی نەمامەکان لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دەبێت، یەکەمیان بە بەکارهێنانی تەکنیکی کشتوکاڵی شانە، کە مۆدێرنترینە لە جیهاندا، دووەمیان بە بەکارهێنانی شێوازی تۆوەکان.

راشیگەیاند، جۆری دارخورمایەک کە بە "نەناسراوەکە" ناسراوە، نرخی فرۆشتنی یەک کیلۆی لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەگاتە شەش هەزار دینار، دەشڵێت: "جیاکردنەوەی بە کوالیتی بەرز و تایبەتمەندی بەرز، و بەرهەمی ساڵانەی کەم وێنەیە بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە، هەروەها بۆ بڵاوبوونەوەی نەمامەکان بە تەکنیکی شانەکانەوە، لە یەکەمی مانگی یەکی داهاتوو دەست پێدەکات.

جەختیشی کردەوە، "ژمارەی خورماکان لە وڵاتدا ئێستا گەیشتووەتە 17 ملیۆن و 500 هەزار دار، بەڵام تا ساڵی 2027 دەگاتە 25  ملیۆن دار خورما.

ژمارەی دارخورما لە عێراق لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا 33 ملیۆن دارخورما بووە، کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی دارخورماکان لە پارێزگای بەسرە بووە.