ڤیان سەبری: هەرێمی کوردستان رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات و دەشکرێت ژمارەکە بۆ 150 هەزار بەرمیل بەرزببێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بڕە پارەیەی یاسای بودجە کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بۆ هەرێم هەژمارکراوە، زۆر کەمە.

ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئابی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی عێراق دەکات و دەکرێت بەپێی پێویست ئەم ژمارەیە بۆ نزیکەی 120 بۆ 150 هەزار بەرمیل رۆژانە بەرزببێتەوە.

وەکو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی دەکات، تا ئێستا هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و دەڵێت، "بە گوێرەی یاسای بودجە، نیوەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، رادەستی حکومەتی عێراق دەکرێت و نیوەکەی دیکەشی بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە؛ بەڵام ئەوەی بەغدا باسی دەکات، پێچەوانەی یاسای بودجەیە".

بە گوتەی ڤیان سەبری، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. لەوبارەوە دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی بڕە پارەیەکی زۆر باش دەداتە کۆمپانیا نەوتییەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق. پارەی گرێبەستە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکان و بەرهەمهێنانی نەوتیش دەدات، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم دیاریکراوە، زۆر کەمە".

 سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە ناردنی پشکی مانگانەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، "چونکە هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەناردنی پشكی هەرێم و ئێمە پابەندی هەموو بڕگەکانی نێو یاسای بودجە بووین".

وەکو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی پێ کرد، "حکومەتی عێراق بڕە پارەیەکی خەملێندراوی بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دیاریکردووە، واتا تا 25ـی حوزەیرانی 2023، پێش پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە. ئەو بڕە پارەیە تەنها بۆ 15 پارێزگای عێراق دیاریکراوە و هەرێمی کوردستان هەژمار نەکراوە. ئەو 598 ملیار دینارەی بۆ هەرێم دیاریکراوە زۆر کەمە، چونکە خەرجیی راستەقینەی عێراق هێندە نییە. دەبووایە بەلانی کەمەوە شەش حەوت ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکرابایە".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی پرسی سیاسی بکرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکارە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو پرسە بکرێت، بەڵام ئیاردەیەک هەیە لە دەرەوەی حکومەت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەت هەیە."

پێشەوا هەورامی گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێکردووە. دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەفتەیەک هاتنە هەرێمی کوردستان و وردبینی تەواویان بۆ داتاکانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها شاندەکانی ئێمە کە چوونەتە بەغدا رێککەوتنیان کردووە، ئەوەی پێویست بووبێت لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی کراوە، هاوکات ئێمە داوامانکردوە چارەنووسی ملەتێک نەکرێتە قوربانی کێشە سیاسییەکان، ئێستا لەو رۆژەدایەن دەبوو بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە".