سبەی هەدەپە چوارەم کۆنگرەی نائاسایی دەبەستێت

سوڵتان ئۆزجان و جاهید کرکازاک بۆ هاوسەرۆکی هەدەپە کاندیدن

K24 - هەولێر

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کۆنگرەی نائاسایی دەبەستێت، سوڵتان ئۆزجان و جاهید کرکازاک بۆ هاوسەرۆکی هەدەپە کاندیدن.

سبەی یەکشەممە 25/8/2023، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا چوارەم کۆنگرەی نائاسایی خۆی دەبەستێت و هەریەک لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکی هەدەپە کاندید نەکردووەتەوە، لە شوێنی ئەوان هەریەک لە سوڵتان ئۆزجان و جاهید کرکازاک، خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکی هەدەپە کاندید کردووە.

هەدەپە دوای کۆنگرە چاوەڕێی داخستنی پارتەکەی دەکات و ئەگەر دانەخرێت ئەوا وەک پارتێکی سەرەکی دەمێنێتەوە. هەروەها پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە هەموو کاروباری سیاسی خۆی رادەستی ئەو پارتە کردووە مانگی ئەیلوولی داهاتوو کۆنگرە دەبەستێت.

کۆنگرەی هەدەپە لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا پرسی داخستنی هەدەپە بووەتە پرسێکی گەرم لە نێو سیاسەتی تورکیا، لەو چوارچێوەدا لە 5/1/2023دا دادگای دەستووری تورکیا بڕیاریدا بەشێوەیەکی کاتی هاوکارییەکانی هەدەپە لە گەنجینە رابگیرێت.

ئەو بڕیارەی هەدەپە بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی، دوای ئەوە دێت لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023، دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون. لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 و بە دیاریکراویش لە قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە لوتکە و 80 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بارودۆخەکە پێچەوانەبوو دەنگێکی زۆری لەدەستدا، دوای راگەیاندنی ئەندامەکانی هەڵبژاردن لە (4ـی حوزەیرانی 2023)، هەریەکە لە مەتحەت سەنجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیان لە هەڵبژاردنەکان رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پێشوەختەی پارتەکەیان خۆیان کاندید ناکەنەوە.

هەدەپە تائێستا پێنج کۆنگرەی ئاسایی و سێ کۆنگرەی نائاسایی بەستووە، دوایین کۆنگرەی ئاسایی ئەو پارتەش لە 3/7/2022 بوو بە درووشمی ( ئێمە چارەسەرین) لە کۆنگرەکەدا پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار وەک هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە دوو ساڵدا جارێک کۆنگرە دەبەستێت، بەڵام هەندێکجار بەهۆی بارودۆخی ناوخۆ و سیاسەتی گشتی کۆنگرەی حزبەکان زووتر دەکرێت یان دوادەکەوێت.

پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا چوار كۆنگرەی ئاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، پابەندە بە دژایەتیکردنی سیستمی سەرمایەداری و تێدەكۆشێ بۆ کۆتایھێنان بە ھەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ھەدەپە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر.