بلومبێرگ: ئەمەریکا رازی بووە ئێران نەوت بە چین بفرۆشێت

کێڵگەیەکی نەوت لە ئێران
کێڵگەیەکی نەوت لە ئێران

K24 - هەولێر

واشنتن و تاران بەشێوەی زارەكی لەسەر كەمكردنەوەی گەمارۆكانی سەر ئێران رێككەوتوون. ماڵپەری بلومبێرگ ئاماژە بەوە دەدات، ئەمەریكا رازی بووە ئێران نەوت بە چین بفرۆشێت، بەڵام لەناوخۆی ئەمەریكا ناڕازیەتییەکی توند لە دژی ئەو رێككەوتنە ھەیە.

ئێران و ئەمەریكا دوای دوو ساڵ گفتوگۆی نھێنی گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی نەنووسراو، كە بەشی زۆری پەیوەندی بە فرۆشتنی نەوتی ئێرانەوە ھەیە. ماڵپەری بلومبێرگی ئەمەریكی لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەو رێككەوتنە ھەندێك وردەكاری دیكەشی باسكردووە.

بلومێرگ ئاشكرایكردووە لە پەراوێزی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی ئێران و ئەمەریكا لەسەر ئاڵوگۆركردنی بەندكراوان و ئازادكردنی ھەندێك پارەی بلۆككراوی ئێران، واشنتن و تاران بەشێوەی زارەكی لەسەر كەمكردنەوەی گەمارۆكانی سەر ئێرانیش رێككەوتوون.

بەپێی رێككەوتنەكە، ئەمەریكا سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە كۆریای باشوور، ژاپۆن و وڵاتانی ئەوروپی ھەستیارە و رێگری لێدەكات، بەڵام رێگە دەدات ئێران نەوت بە چین بفرۆشێت. ھەر ئەوەش وایكردووە بەپێی بەرھەمھێنانی نەوتی ئێران زیاد بكات.

 جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئەو وڵاتە لەوبارەوە دەڵێت، لە ئێستادا رۆژانە سێ ملیۆن و دووسەد ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنن، كە نیوەی ئەو نەوتە لەبازارەكانی جیھان دەفرۆشن و سەرجەمی ئەو نەوتەش رەوانەی چین دەكرێت.

ئەگەر چی تاوەکو ئێستا واشنتن و تاران بەفەرمی باسیان لەو رێككەوتنە نەكردووە، بەڵام كاردانەوەی زۆری لە ئەمەریكا لێ كەوتووەتەوە. مایك پێنس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا و كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا رایگەیاندووە، كردنەوەی دەرگای فرۆشتنی نەوتی ئێران و گەراندنەوەی پارە بۆ ئەو وڵاتە گەورەترین باجی ئەمریكایە لە مێژوودا بە وڵاتێكی دیكەی دابێت.

بەشێکی دیکە لە سیناتۆر و كۆنگرێسمەنە كۆمارییەكانیش پێیانوایە جۆو بایدن لەپێناو ھەڵبژاردندا ئەو كارەی كردووە و ئەوەش دۆخی ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكات، "چونكە ئێران ئەو پارانە بۆ كاری تێكدەرانە بەكاردەھێنێت".

لەناوخۆی ئێرانیش دەنگی ناڕازایی ھەن، بەشێك لەریفۆرمخوازەكان دەڵێن، ئەو رێككەوتنانە ھەمان رێككەوتنی نەوت لەبەرامبەر خۆراكە و كاریگەری لەسەر ئابووی ئێران نابێت.