بەرزترین تێکڕای مووچە لە جیهاندا چەندە و عێراق لە پلەی چەندەمدایە؟

دۆلار و دینار
دۆلار و دینار

K24 - هەولێر:

لە ریزبەندی بەرزترین تێكڕای مووچەی وڵاتان لەمساڵدا، عێراق لەنێوان 105 وڵاتدا پلەی 62ـەمینی بەدەستهێناوە و سویسراش لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەدایە.

گۆڤاری CEOWORLD، دوای لێبڕینی باج ریزبەندییەکی بۆ تێكڕای مووچەی فەرمانبەران لە وڵاتە جیاوازەکاندا کرد، ریزبەندییەکەش لە بەرزترین تێكڕای مووچەوە بۆ نزمترینە کە تێكڕای مووچەی فەرمانبەرانی 105 وڵاتی تێدایە.

بەپێی ریزبەندی گۆڤارەکە، بەرزترین تێكڕای مووچەی مانگانە لە سویسرایە کە ئەمساڵ گەیشتووەتە 6142 دۆلار، هەروەها سەنگافورە لە پلەی دووەمی ریزبەندییەکەدایە و تێكڕای مووچەی فەرمانبەرانی 4350 دۆلارە، ئوستورالیاش لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەدایە و تێكڕای مووچەی مانگانە لەو وڵاتە 4218 دۆلارە، بەدوای ئەودا ئەمەریکا بە تێكڕای مووچەی مانگانەی 3721 دۆلار لە پلەی چوارەمی ریزبەندییەکەدایە.

لە ریزبەندی وڵاتە عەرەبییەکاندا، ئیمارات بەرزترین تێكڕای مووچەی مانگانەی هەیە کە 3663 دۆلارە، قەتەریش بە تێكڕای مووچەی 3168 دۆلار لە پلەی دووەمی ریزبەندی وڵاتە عەرەبییەکاندایە.

تێكڕای مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت لە عێراق 583 دۆلارە و لەنێو ریزبەندییەکەدا لە پلەی 62ـەمیندایە و لەنێو وڵاتانی عەرەبیشدا لە پلەی 10ـەمیندایە.