لە کۆی 180 وڵات عێراق لە سیاسەتی پارێزگاریکردن لە ژینگە پلەی کۆتایی گرتووە

کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق (ئەرشیف)
کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق (ئەرشیف)

K24 - هەولێر:

بەپێی توێژینەوەیەک کە هەردوو زانکۆی کۆڵۆمبیا و بیڵی ئەمەریکی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ئەنجامیانداوە، بەپێی 40 بنەمای ستاندارد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بە بیابانبوون و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، لەکۆی 180 وڵاتی جیهان عێراق پلەی کۆتایی گرتووە.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەڕووی تەندروستییەوە، ژینگەی عێراق پلەی 102ی لە کۆی 180 وڵات گرتووە و لەرووی گرتنەبەری سیاسەتی تایبەت بە پارێزگاری لە ژینگە، پلەی کۆتایی گرتووە.

توێژینەوەکەی هەردوو زانکۆی کۆڵۆمبیا و بیڵی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، لەڕووی سیاسەتەکانی پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، دانیمارک پلەی یەکەمی گرتووە و بەدوای ئەویشدا هەریەکە لە بەریتانیا و فینلاند پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.

وەزارەتی کۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق مانگی رابردوو رایگەیاند، به‌هۆی وشکەساڵی و وشكهه‌ڵاتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانه‌وه‌ دیارده‌ی كۆچكردن لە لادێکانەوە بۆ شار و پارێزگاكان سه‌ریهه‌ڵداوه، كه‌ تائێستا زیاتر لە حەوت هەزار جووتیار كۆچیان كردووه‌.

عه‌لی جیهاگیر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووه‌، وەزارەته‌كه‌یان بە هاوکاری وەزارەتەکانی سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵ، هەوڵدەدات لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکبهێنێت بۆ کەمکردنەوەی كاریگه‌رییه‌كانی ئەم دیاردەیە.