سه‌رۆككۆماری عێراق داوای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات

له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق
له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق

K24 - هەولێر:

سه‌رۆككۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، جه‌خت له‌ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی به‌پێی ده‌ستوور ده‌كه‌نه‌وه‌.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، عەبدولـلەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە هەریەکە لە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بریکار و راوێژکار کرد و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد به‌پێی ده‌ستوور.

سه‌رۆككۆماری عێراق جه‌ختی له‌ گرنگی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ دۆسییه‌ی ئاو كرد و رایگه‌یاند، ئه‌و دۆسییه‌یه‌ گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌، خه‌ریكه‌ كار ده‌كرێت بۆ دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی ئاو له‌نێوان وڵاتانی دراوسێ.

سه‌رۆككۆماری عێراق گرنگی ده‌رچوونی یاسای نه‌وتی غازی خسته‌ڕوو، داوای به‌رده‌وامی كاركردنی كرده‌وه‌ بۆ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ و ناردنی بۆ په‌سه‌نكردنی له‌ په‌رله‌مانی عێراق.

لە لایەن خۆیەوە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێڕاق، دیارترین كێشە و دۆسییە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و عێراقی خستەڕوو و داوای دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکان کرد.