هەدەپە بە سێ کاتژمێر کۆنگرەی نائاسایی خۆی ئەنجامدا و هاوسەرۆکانی نوێی هەڵبژارد

جاهید کرکازاک و سوڵتان ئۆزجان
جاهید کرکازاک و سوڵتان ئۆزجان

K24 – هەولێر:

لە کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی خۆیدا، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، هەر یەکە لە جاهید کرکازاک و سوڵتان ئۆزجانی بە هاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژارد.

رۆژی یەکشەممە (27ـی ئابی 2023)، هەدەپە کە ماوەی 11 ساڵە سێیەمین گەورەترین پارتی سیاسەتی ناوخۆی تورکیایە، چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە هۆڵێکی بچووکی ئەنقەرەدا بەراورد بە کۆنگرەکانی پێشوو ئەنجامدا.

کۆنگرە نائاساییەکەی هەدەپە، تەنیا سێ کاتژمێری خایاند، بڕیاردرا بە گۆڕینی پەیڕەوی حزب و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی حزب و ژمارەی بارەگاکان لە شار و ناوچەکانی باکووری کوردستان و تورکیا.

لەلایەن خۆیانەوە، پەروین بوڵدان و مەتحەت سەنجار لە سەرەتای کۆنگرەدا قسەیان کرد و رایانگەیاند کە وەک ئەندامێک لەژێر چەتری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەردەوام دەبن لە سەرجەم چالاکییەکانیان و هەدەپە وەک رێکخراوێک بە ناسنامەی خۆی بەردەوام دەبێت.

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئایاری رابردوو، هەدەپە لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کرد، ئێستا ئەو پارتە بووەتە ناوەندیی سیاسیی هەدەپە و پەرلەمانتارێکی ئەو پارتەش بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەمەودوا ناوەندی کارکردنی سیاسییان پارتی چەپی سەوز دەبێت بەڵام هەدەپە داناخرێت و بوونی بەردەوام دەبێت و وەک رێکخراوێک بەڵام بوونی بارەگاکانی لە شار و ناوچەکان کەمدەکرێتەوە.

محەممەد روشتوو، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز گوتیشی، تا دادگا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی چارەنووسی هەدەپەوە دەدات ئەوان بەو شێوەیە بەردەوام دەبن، دوای ئەوەش پارتی چەپی سەوز و هەدەپە پێکەوە بڕیارێک دەدەن.

لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەشدا، بە زۆرینەی دەنگ، هەریەکە لە جاهید کرکازاک و سوڵتان ئۆزجان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەکە بە هاوسەرۆکانی نوێی هەدەپە هەڵبژێردران و هەردوو هاوسەرۆکی هەڵبژێردراویش جەختیان لەسەر بەردەوامیان لە سیاسەتی هەدەپە کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، جاهید کرکازاک، هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە بۆ کوردستان24 رایگەیاند، کاری لە پێشینەیان ئەوە دەبێت کە سەرکردایەتی ئەو خەباتە بکەن کە 11 ساڵ لەمەوبەر دەستیان پێکردووە و گوتی، "خەباتەکەیان بۆ ئەوە بوو کە هەموو ناسنامەیەک ژیانێکی شکۆمەندانە و هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و جوگرافیای تورکیادا بژی".

کرکازاک باسی لەوەشکرد، هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ پاراستنی هەدەپە، بەڵام دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە لەسەر پارتی چەپی سەوز درێژە بە کاری سیاسیی خۆیان بدەن.

جاهید کرکازاک، هاوسەرۆکی هەڵبژێردراوی هەدەپە لە ساڵی 1979 لە دیاربەکر لەدایکبووە و  سێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە. لە نێوان 1998 تا 2014 لە دامودەزگاکانی حکومەت کاریکردووە و لە 2014 دەستی بە کاری پارێزەرایەتی کردووە و بووەتە پارێزەری سەڵاحەددین دەمیرتاش، لە 2016 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەدەپە و لە 2022ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی چەپی سەوزە.

هەروەها سوڵتان ئۆزجان، هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە لە ساڵی 1965 لە شاری قەیسەری تورکیا لەدایکبووە، لە ساڵی 1985 وەك فەرمانبەر لە زانکۆ چوکرۆڤا دەستبەکاربووە و  لە ساڵی 2015 دەبێتە پەرلەمانتاری هەدەپە، تا ئێستاش  ژمارەیەک پۆستی جیاوازی لە هەدەپە وەرگرتووە.

ئەو بڕیارەی هەدەپە بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی، دوای ئەوە دێت لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023، دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون. لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 و بە دیاریکراویش لە قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە لوتکە و 80 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بارودۆخەکە پێچەوانەبوو دەنگێکی زۆری لەدەستدا، دوای راگەیاندنی ئەندامەکانی هەڵبژاردن لە (4ـی حوزەیرانی 2023)، هەریەکە لە مەتحەت سەنجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیان لە هەڵبژاردنەکان رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پێشوەختەی پارتەکەیان خۆیان کاندید ناکەنەوە.

سێیەم هەڵبژاردنە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشێوەیەکی بەردەوام دەنگەکانی لەدەست دەدات و بووەتە نەریتێکی نێگەتیڤی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکان. لە دوای شکستهێنانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تا ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ واتە 19 کورسیی لەدەستداوە.

پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) کە دواتر داخرا و لە شوێنی ئەو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دامەزرا،  لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2011ـدا بە بەدەستهێنانی 6.4 ـی دەنگەکان توانی 34 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا مسۆگەربکات. لەوکاتەدا، بەدەپە بەهۆی بەربەستی یاسایی پەرلەمان لەرێگەی کاندیدانی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان کرد بۆیە ژمارەی دەنگەکان بەگوێرەی پێویست نەبوو، بە یەک لیستی دەیتوانی دەنگی زیاتر بەدەستبێنێت.

هەڵبژاردنەکانی 7ـی حوزەیرانی ساڵی 2015 و بەدیاریکراوی کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگەکانی بکاتە دوو هێندە و 80 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ساڵی 2018 کە ئەوکات پرۆسەی ئاشتی شکستیهێنابوو، هەروەها لە رۆژئاوای کوردستانەوە تاوەکو خواکورک شەڕێکی بەرفراوان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەرپاببوو، لەو کاتەدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و هەدەپە دەنگەکانی کەمکرد، بەشێوەیەک لە کۆی گشتیدا 13 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەچاو هەڵبژاردنی پێشتر لەدەستدا.

هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە) بەهۆی مەترسی داخستنی پارتەکەی، بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2023 کرد و بووە خاوەنی 61 کورسی لە خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018ـەدا، هەدەپە رێژەی 11%ـی دەنگ و 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵ، ژمارەی دەنگەکانی هەدەپە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. کە لەژێر ناوی پارتیی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کرد و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەگەڵ لایەنە چەپەکانی تورکیا، لە هەموو پارێزگاکان کاندیدیان هەبوو. بەو پێیەش لە کۆتاییهاتنی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تاوەکو ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ، واتە 19 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەدەستداوە.

لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 کە گفتوگۆکانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لەئارادابوو، پێگەی هەدەپە لە شانۆی سیاسی تورکیا، ژمارەیەکی کاریگەربوو بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان، تا گەیشتن بە داواکردن بۆ بەشداریکردن لە پێكهێنانی حکومەت.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاش، هەدەپە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، هەروەها لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنیشدا کە لە 28ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، پشتیوانییان لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کرد لەبەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار کە لە ئەنجامدا، ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023 سوێندی یاسایی خوارد و کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند.