پوتن جێگرەوەی یێڤگینی پریگۆژین دەستنیشان دەکات

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی کۆچکردووی گرووپی ڤاگنەر
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی کۆچکردووی گرووپی ڤاگنەر

K24 - هەولێر

دوای گیانلەدەستدانی یێڤگینی پریگۆژین، دەنگۆی دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆی لەنێو میدیاکانی رووسیا و رۆژئاوا گەرمە. رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژە بەوە دەدات، رێکخەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری رووسیا و و فەرماندەیەکی پێشووی ڤاگنەر بەهێزترین کاندیدن بۆ جێگرتنەوەی پریگۆژین.

دوای ئەوەی پشکنینە پزیشکییەکان مردنی یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەریان پشتڕاستکردەوە و گرووپەکە بێ سەرۆک مایەوە، دەنگۆی دانانی جێگرەوەیەک بۆ سەرۆکی کۆچکردووی ڤاگنەر لەناوی میدیا رووسی و رۆژئاواییەکاندا گەرمە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، لەدوای هەڵگەڕانەوە شکستخواردووەکەی پریگۆژین دژی سووپای رووسیا لەمانگی حوزەیرانی رابردوو، رووسیا دەستی بەداڕشتنی پلانێک بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ یێڤگینی پریگۆژین کردووە و هەنگاو بە هەنگاو لە هەوڵی راکێشانی چەکدارەکانی گرووپی ڤاگنەردا بووە بۆ ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری.

بەپێی راپۆرتەکەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، دیارترین ئەو کاندیدانەی بۆ جێگرتەوەی پریگۆژین وەک فەرماندەی ڤاگنەر ناویان دەهێنرێت بریتین لە ئەندریە ترێشێڤ، یەکێک لە فەرماندەی دیارەکانی ڤاگنەر کە لەماوەی پێشوودا وەک رێخەری پەیوەندییەکانی ڤاگنەر و وەزارەتی بەرگریی رووسیا کاریکردووە. هەروەها بەشداری جەنگی سۆڤیەت دژی ئەفغانستان و رووسیا دژی کۆماری چیچانی کردووە و بەکەسایەتییەکەی نزیک لە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا دادەنرێت.

کەسایەتی دووەم  کە وەک کاندید بۆ وەگرتنی سەرۆکایەتی ڤاگنەر ناوی دەهێنرێت ئەنتۆن ئیلیزارۆڤە، کە لەرووسیا بە لوتیس ناسراوە، فەرماندەی هێزی ڤاگنەر بووە لە سۆلیداری ئۆکرانیا و یەکێک بووە لەرێکخەرانی گواستنەوەی چەکدارەکانی ڤاگنەر بۆ بیلاڕووس. هەروەها یەکێک بووە لە فەرماندە دیارەکانی ڤاگنەر لە هەریەکە لە سووریا و لە لیبیا و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست.

لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا؛ واشنتۆن پۆست ئاماژەی بە سیناریۆیەکی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کریملن) دەکات بۆ دابەشکردنی ڤاگنەر بۆ چەند یەکەیەکی جیاواز بەمەبەستی رێگریکردن لە بەهێزبوونی، سەرجەم یەکەکانیش راستەوخۆ لە مۆسکۆوە فەرمان وەردەگرن، هۆکاری دەستبەردارنەبوونی رووسیا لە چەکدارەکانی ڤاگنەر وەک ئەو رۆژنامە ئەمەریکییە ئاماژەی پێداوە، پێویستییەتی بەو هێزە لە چالاکییەکانی لە ئۆکرانیا و ئەفریقا.