خۆپیشاندەرانی پارێزگای سوەیدا تەواوی بارەگا حکومی و حزبییەکانیان داخست

K24 - هەولێر

لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا خۆپیشاندانی گشتی بەڕێوەچوو، هەروەها سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە حکومی و حزبییەکان داخران، ئەمەش لە کاتێکدایە خۆپیشاندانەکان بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەردەوامە.

ئەیهام ئەلشوفی، چالاکوانی بزووتنەوەی مەدەنی بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی راگەیاند: سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای سوەیدا و لادێکانی بە تەواوی داخران، جگە لە بەشە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و تەندروستی، هەروەها شەقامەکانی رێگای قایمقامیەت داخران، بینای لقی حزبی بەعسیش داخرا.

بە گوتەی ماڵپەڕی سوەیدا 24، ئاڵای کۆمەڵگای دروز "پێنج سنوورەکە"، لە سەرەوەی دەروازەی چوونە ژوورەوەی لقی حیزب بەرزکرابووەوە. هەروەها بارەگاکەیان بە ئاگر ئاسن داخست، داوایان دەکرد بارەگای حزبی "بەعس" بگۆڕێت بۆ ناوەندی خزمەتگوزاری.

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، سەدان خۆپیشاندەر لە مەیدانی ئەلسیر گردبوونەتەوە، ئەمڕۆش شاندێکی هۆزەکانی باشوور، بەشداریان لە خۆپیشاندانەکە کرد، هەروەها زۆرێک لە گوند و شارۆچکەکانیش لە گۆڕەپانە گشتییەکان و بەهۆی داخستنی رێگاکان، نەیانتوانی بگەنە گۆڕەپانی ئەلسیر لە ناوەندی شارەکە.

سامر سەلوم، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دووپاتی کردەوە، "دەزگا ئەمنییەکان لە پارێزگاکە هەرگیز لە گۆڕەپانەکەی شاری سوەیدا و باقی ناوچەکان نزیک نەبوونەتەوە، هەروەها باڵەخانە و بارەگاکانی هێزە ئەمنییەکان بە تەواوی داخراون".

بۆیە خۆپیشاندەرانیش لە درووشمەکانیاندا دەڵێن: "ئێمە بەندەرمان دەوێت، زەویمان دەوێت و دەمانەوێت فڕۆکەخانەکەمان بگەڕێتەوە".

هۆزەکانی باشوور راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و هۆشدارییاندا بە تێکچوونی ئاشتی مەدەنی، بۆیە پێویستە وریابن و هیچ ململانێیەک تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکان نەکرێت، تاوەکو سەقامگیری و ئاشتی مەدەنی تێک نەچێت.

ماوەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندانەکان لە پارێزگای سویدا دەستی پێکردووە، ژمارەی خۆپیشاندەرانیش روو لەزیادبوونە، داواکارییەکانیشیان بۆ چاککردنی دۆخی ژیانیانە، دواتر داوای رۆیشتنی رژێم و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد، بڕیارنامەکە بریتیە لەو رێککەوتنانەی کە حکومەتی سووریا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەگەڵ هاوپەیمانانی رووسیا و ئێران واژۆیان کردووە، سەبارەت بە وەبەرهێنانی بەندەرەکانی سووریا و فڕۆکەخانە و زەویەکان.