نزیکەی ملیارێک دینار بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری پێنجوێن تەرخانکرا

قەزای پێنجوێن
قەزای پێنجوێن

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی ملیارێک دینار بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژە لە سنورى قەزاى پێنجوێن.

بەپێى نوسراوێک کە واژۆى ئاوات جەناب نوورى، وەزیرى دارایی و ئابورىی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاڕاستەى بەڕێوەبەرایەتىی گەنجینەى سلێمانى دوو کراوە؛ تێیدا رەزامەندى دراوە لەسەر تەرخانکردنی 936 ملیۆن و 795 هەزار دینار بۆ  ژمارەیەک پڕۆژە لە سنوورى قەزاى پێنجوێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئابی 2023، زانا رەحمان، قایمەقامی پێنجوێن تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پڕۆژەکانی سنوورەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "لەمەوبەدوا پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ و بانکی هەرێمیش نەختینەی بۆ دابین بکات. ئەگەر نەختینە دابین نەکات ئەوا جارێ هەر ژمارە دەبێت".

قیرتاوکردنى رێگەی گوندى وێنە لە ناحیەى گەرمک بە بڕى 357 ملیۆن و 60 هەزار دینار بە درێژایی 3.6 کیلۆمەتر یەکێک لەو پڕۆژانەیە. 

هاوکات پڕۆژەى کۆنکرێتکردنى رێگاى هەورازەکانى گوندى کۆڵیتان لە ناحیەى ناڵپارێز بە درێژى 0.4 کیلۆمەتر پرۆژەیەکی دیکەیە کە 91 ملیۆن و 670 هەزار دینار بۆی تەرخاندەکرێت.

چاککردنى رێگاى سەرەکى لە پردى ناڵپارێز تاوەکو پێنجوێنیش بڕى 69 ملیۆن و 834 هەزار دینارى بۆ تەرخان کراوە، کە بە درێژى 13.4 کیلۆمەتر ئەنجام دەدرێت.

لە هەمان نووسراوی وەزیری دارایی و ئابوورىی هەریمی کوردستاندا هاتووە کە رەزامەندی دراوە لەسەر چاککردنەوەى دوو سایدى ناو مەرزى سەیرانبەن لە ناحیەى گەرمک بە بڕى 418 ملیۆن و 231 هەزار دینار بە درێژى 0.5 کیلۆمەتر.


ئامادەکردن: کاوار ساڵح