16ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوەدەچێت

دیمەنێک لە 15ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین لە فامیلی مۆلی دهۆک
دیمەنێک لە 15ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین لە فامیلی مۆلی دهۆک

K24 - هەولێر

20ـی ئەیلوولی داهاتوو 16ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک رایدەگەیەنێت، 35 جووتیار و 35 هەنگەوان بەشداری لە پێشانگەکەدا دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئابی 2023، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند: "رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، بە پشتیوانی و چاودێری عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، 16ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوێن لە فامیلی مۆلی دهۆک بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت".

بە گوتەی ئەحمەد جەمیل، ئەمساڵ 35 جووتیار و 35 هەنگەوان بەشداری لە پێشانگەکەدا دەکەن و، وەکو خۆی دەڵێت، مەبەست لە کردنەوەی پێشانگەکە، "پشتیوانی کردن لە کەرتی تایبەت و بەرهەمە خۆماڵییەکانە".

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک؛ 125 جۆری ترێ لە سنووری دهۆک هەیە و ساڵانە 35 هەزار تۆن لێی بەرهەمدەهێندرێت. هاوکات ساڵانە زیاتر لە 350 تۆن هەنگوینی خۆماڵیش لە سنووری پارێزگاکە بەرهەمدەهێنرێت، کە هی گوند و ناوچە شاخەوانییەکانە. 

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک باسی دەکات، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی لە ماوەی رابردوودا هەرێمی کوردستانی گرتەوە؛ چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی ترێ و هەنگوین لە سنووری دهۆک بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتربێت.

ساڵی رابردوو سەرۆک بارزانی؛ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی بەشدارییان لە پێشانگەکەدا کرد. ئەحمەد جەمیل دەڵێت: "دیار نییە ئەمساڵ سەرۆک بارزانی یان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پێشانگەکەدا دەکەن یان نە، بەڵام هیوام وایە هەموویان بەشداربن، چونکە مەبەست لەم پێشانگەیە پشتیوانیکردنە لە بەرهەمە خۆماڵییەکان".

لە 15ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوێن کە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو؛ جووتیارێکی دهۆک بەناوی "محەممەد سەلیم بەربهاری" کە جووتیارێکی نموونەیی دەڤەرەکەیە، داوای لە سەرۆک بارزانی کرد ھاوکاری زیاتری جووتیاران بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان ساخبکەنەوە. دوای دوو رۆژ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی کرد و گوێی لە سەرنج، تێبینی و پێشنیازەکانی گرت.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمساڵیش ئەو جووتیارە نموونەییە بانگهێشتی پێشانگەکە دەکەن و، وەکو خۆی دەڵێت، ساڵانە بەشداری کردووە و بەرهەمە خۆماڵییەکانی خۆی و بەتایبەت ترێ لە پێشانگەکەدا پیشانداوە.