لەسەر تەقینەوەکەی کەڕادە؛ عێراق سێ کەسی لەسێدارە دا

دیمەنێکی دوای تەقینەوەکەی کەڕادە - 2016
دیمەنێکی دوای تەقینەوەکەی کەڕادە - 2016

K24 - هەولێر:

سێ کەس بەتاوانی بەشداریکردن لە تەقینەوەی ساڵی 2016ـی ناوچەی کەڕادەی بەغدا کە تێیدا زیاتر لە 300 کەس گیانیان لەدەستدا، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەسێدارە دران.

نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی ئەو کەسانەی نەهێنا کە سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، تەنیا ئاماژەی بەوەدا، لە هەردوو رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە سزاکە بەسەر ئەو سێ کەسەدا جێبەجێ کراوە.

تەقینەوەکەی ساڵی 2016ـی کەڕادە، کوشندەترین تەقینەوە بوو دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە 2003، کە دواتر (داعش) رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، غەزوان ئەلزەوبەیی کە پلانداڕێژەری تەقینەوەکەی داعش بووە لە بەغدا و، لە ساڵی 2021 لە دەرەوەی عێراق دەستگیرکراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ ناوخۆی وڵات، یەکێک بووە لەو سێ کەسەی کە لەسێدارە دراون.

سوودانی بە کەسوکاری قوربانییەکانی راگەیاند، سێ تاوانباری سەرەکی تەقینەوە تیرۆریستییەکە سزای یاسایی خۆیان بەسەر سەپێندرا، کە ئەویش سزای لەسێدارەدان بوو.

لە 3ـی تەمووزی 2016 لە مانگی رەمەزاندا، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە شوێنێکی قەرەباڵغی ناوچەی کەڕادەی بەغدا تەقیەوە.

محەممەد غەبان، وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی عێراق لە هەفتەی یەکەمی دوای تەقینەوەکە دەستی لەکارکێشایەوە.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە 2021 رایگەیاند، غەزوان ئەلزەوبەیی بەرپرسی سەرەکی تەقینەوەکەی کەڕادە، دەستگیراوە. ئاماژەی بەوەشدا، چەندانی دیکەش بەشدارییان لەو تاوانەدا کردووە.

غەزوان ئەلزەوبەیی بە قۆڵبەستکراوی
غەزوان ئەلزەوبەیی بە قۆڵبەستکراوی

تیرۆریستانی داعش لە ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2017 نزیکەی 88 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە عێراق و سووریا لەدەستدا بوو، کە دواتر لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان تێكشکێندران.

مانگی ئاداری ئەمساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هێشتا داعش 5000 بۆ 7000 ئەندامی ماوە، کە لەنێوان سووریا و عێراق نیشتەجێن و نیوەی ئەو ژمارەیەش کەسانی شەڕکەرن.