لە ئەمەریکا بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر چووە سەر شەقامەکان

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لەشاری سان فرانسیسکۆی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر بەشێوەی ئەزموونی چوونە سەر شەقامەکان. ئۆتۆمبێلەکان لەرێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بەخۆیانەوە ئاگاداردەکرێنەوە و دەچنە ئەو شوێنانەی سەرنشینەکان چاوەڕوان دەبن، دواتر دەیانگوازنەوە.

خەڵکی شاری سان فرانسیسکۆ لەگەڵ ئۆتۆمبێلە بێ شۆفێرەکان هەست بەئاسوودەیی دەکەن و پێیانوایە لەزۆربەی رووەکانەوە پارێزراون بۆ سەرکەوتن لەگەڵیان. 

تەنها ئەوەندە بەسە لەرێگەی مۆبایلەکەتەوە ئاگاداریی بۆ بنێرێت و چاوەڕوان بیت، تا ئۆتۆمبێلە بێ شۆفێرەکە دەگاتە لات. دواتر لەسەر ئەو نەخشەیەی لەرێگەی سیستەمەیەکەیەوە بۆت دیاریکردووە دەتگەیەنێتە شوێنی مەبەست.

 ئۆتۆمبێلەکە دروستکراوی کۆمپانیای جاگوارە و ناوی وایمۆیە، لەهەموو بەشەکانیدا ئامێری هەستیار دانراوە، تا پابەندی یاساکانی هاتووچۆبێت و لەکاتی دروستبوونی دۆخی لەناکاو بوەستێت.

کاسرین ئاڵن، یەکێک لە سەرنشینەکانی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە و دەڵێت: "هەمیشە وا هەستمدەکرد سەرکەوتن لەناو ئەو ئۆتۆمبێلانەی شۆفێریان تێدایە پارێزراوترە، بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلە بەشێوەیەکی یەکسان خێراییەکەی بەردەوامی پێدەدات و زۆر خۆپارێزە و توانای پاراستنی سەرنشینەکانی هەیە، بەڵام ئەگەر تۆ لەدۆخێکی بەپەلەدابیت، ئەوا باشترە ئەم ئۆتۆمبێلە بەکارنەهێنێت".

وایمۆ بەجۆرێک دیزاینکراوە، لەکاتی پێچ و لۆفەکاندا هەستیارییەکەی وادەکات خۆی سوکان بسوڕێنێت و لەسەر هێڵی شەقامەکان بڕوات.

لەکاتی نزیکبوونەوەش لەهەر ئۆتۆمبێلێک یاخود مرۆڤێک بەدووری 10 مەتر خۆی دەوەستێت، هەموو ئەو تایبەتمەندییانەشی تێدایە لە ئۆتۆمبێلی ئاسایدا هەن لەوانەش، رادیۆی و ساردکەرەوە و جی پی ئێس.

ئیساک سمس، دانیشتووی سان فرانسیسکۆیە و ئاماژە بەوە دەدات، "کاتێک خەریک بووم کچەکەم دەبرد بۆ قوتابخانە، ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە بێ شۆفێرانەم بینی، بیرم لەوە دەکردەوە ئەمە دەبێتە داهێنانێکی باش بۆ گەیاندنی کچەکەم و هاوڕێکانی بۆ قوتابخانە، هیودارم ئەم داهێنانە رۆژێک لەئاستی چاوەڕوانی خەڵکدابێت و بتوانین زۆرترین سوودی لێوەربگرین".

هەرچەند هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلە بێ شۆفێرەکان لە ئەمەریکا تەنها ئەزموونییە، بەڵام لەئێستاوە هەوادارێکی باشی بۆ پەیدابووە، خەڵکانێکیش لەبەردامبەردا دژیین و بەکارهێنانیان بەپارێزراو نازانن.