لە هەولێر دوو کرێکار کەوتنە ژێر خۆڵی پڕۆژەیەک و یەکێکیان گیانی لەدەستدا

K24 – هەولێر

لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ لە هەولێر دوو کرێکار کەوتنە ژێر خۆڵ و یەکێک لە کرێکارەکان گیانی لەدەستدا.

هۆشمەند سادق پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 29/8/2023، لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکی تەیراوە، دوو کرێکار کەوتوونەتە ژێر خۆڵ و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەشیان گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

شێخ کافێ عەبدولقادر، ئەفسەر لە بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە رووداوێکی داڕمانی ئاوەڕۆیەک لە تەیراوە کە دیوارەکە رووخاوە، هەر ئەوکات تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە توانرا یەکێک لە کرێکارەکان رزگار بکرێت، بەڵام ئەوەی تر کە خۆڵی زۆری کەوتبووە سەر گیانی لەدەستدا".

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، تیمێک پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و هۆکارەکەی دیاری بکرێت.

شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاتێک کرێکارەکان بە بێڵ لەناو ئاوەڕۆکان کاریان دەکرد، خۆڵ داڕما دوای چەند خولەکێک دەرکەتەوە، بەڵام دووبارە خۆڵەکە داڕما و کرێکارێکی دیکەش کەوتە ناوخۆڵەکەوە".